
فێرخوازانی بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك سەردانى (پەیمانگەى جیهان)یان کرد و، باسیان لە ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە فێربووندا بۆ قوتابیان کرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 19, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 18/11/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ پەیمانگەی جیهان ئەنجام دا.
ئەم چالاکییە زانستییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ئەژین شکور محەممەد بەڕێوە چوو، بە گەیشتنیان لەلایەن ئیلاف مەهدی حەدە سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیوتەر و، پارێز قادر مستەفا توێژەری کۆمەڵایەتی پەیمانگەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
لە میانەی سەردانەکەیاندا، فێرخوازانی بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر سیمینارێکی زانستییان بە ناونیشانی «ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە فێربوون و، پەروەردەدا» بە هەردوو زمانی کوردی و، ئینگلیزی پێشکەش بە قوتابیانى قۆناغی پێنجەمی پەیمانگە کرد.
شیکردنەوەی لایەنە ئەرێنی، مەترسییە ئەلیکترۆنی:
لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، هێدی عەبدولحەکیم ناساندنێکی بۆ ژیریی دەستکرد کرد و، بە وردى باسى لە سەرەتای سەرهەڵدان و، گەشەسەندنی مێژوویی ئامرازە کرد، پاشان تیشکی خستە سەر بەکارهێنانی لە تاوانە ئەلیکترۆنییەکاندا وەک تەزویرکردنی قووڵ و، خۆناساندن بە ناوی کەسانی ترەوە و، ساختەکاریی ئەلیکترۆنی لەگەڵ خستنەڕووی نموونەی ڕاستەقینە.
ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە فێربوون:
دواتر، ئەماندا ئارام باسی لە بەکارهێنانە کردارییەکانی ژیریی دەستکرد لە بواری پەروەردەدا کرد و، ئەو ئامرازانەی خستە ڕوو کە یارمەتی مامۆستایان و، فێرخوازان دەدەن لە باشترکردنی شێوازەکانی وانەوتنەوە و، فێربوونی کەسی.
لایەنە نەرێنی و، سنووردارێتییەکانی ژیریی دەستکرد:
لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا، ساڤیا ئیبراهیم تیشکی خستە سەر لایەنە نەرێنی و، سنووردارێتییەکانی ژیریی دەستکرد وەک پێدانی زانیاریی نادروست و، چەواشەکارانە، بۆ ئەوەش جەختی لەسەر گرنگیی هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە، دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی زانیارییەکان و، بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی ئەم تەکنەلۆژیایە کردەوە.
دابەشکردنى نامیلکە:
سیمینارەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە، پرسیار و، وەڵام و، دابەشکردنی نامیلکە و، بڵاوکراوەی تایبەت بە ناسینی بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و، بەرنامە ئەکادیمییەکانی کۆتاییی هات.
لە کۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی ئیلاف مەهدی حەدە سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیوتەر و، پارێز قادر مستەفا توێژەری کۆمەڵایەتی پەیمانگەی جیهانی کرد لە بەرامبەر پێشوازیی گەرم و، کارئاسانییان، و، هەردوولاش جەختیان لەسەر بەردەوامیی پەیوەندی و، هەماهەنگیی زانستی کردەوە.



