
فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی سیمینارێک دەربارەی خوێندنەوە لە پێناو تەندروستیی دەروونی و، پەرەپێدانی توانا زمانەوانییەکان پێشکەش دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 26, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 25ی تشرینی دووەمی 2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی زمانی ئینگلیزیی زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر مەروە مەحموود ئەمین، سیمینارێکی هۆشیارییان بە ناونیشانی «خوێندنەوە لە پێناو تەندروستیی دەروونی و پەرەپێدانی توانا زمانەوانییەکان» لە کۆمەڵگەی پەروەردەییی تارگێت پێشکەش کرد
کاریگەرییە ئەرێنییەکانی خوێندنەوە لەسەر تەندروستیی دەروونی
لە سەرەتادا فێرخوازان لەلایەن سۆما عەدنان عەلییەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. پاشان فێرخوازان دەستیان بە پێشکەشکردنى سیمینارەکەیان کرد، بۆ ئەوەش لە دەستپێکدا فێرخواز تاوار ئەنوەر عەزیز باسی لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی خوێندنەوەی بەردەوام لەسەر تەندروستیی دەروونی کرد و، ڕوونی کردەوە کە چۆن خوێندنەوە بەشدارە لە کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ، چالاککردنی مێشک، باشترکردنی تەرکیز، بەهێزکردنی یادەوەری و، بەدەستهێنانی ئارامیی سۆزداری. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گەشەپێدانی خووی خوێندنەوەی ڕێکوپێک دەبێتە هۆی پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروستتر و، یارمەتیی قوتابیان دەدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ فشارەکانی خوێندن و ئاڵنگارییەکانی ڕۆژانەدا.
پەیوەندیی نێوان پاراویی خوێندنەوە، متمانەبەخۆبوون
لە تەوەرێکی تری سیمینارەکەدا، فێرخواز سابا ئەیاد عەبدولوەهاب پەیوەندیی نێوان پاراوی لە خوێندنەوە و، متمانەبەخۆبوونی خستە ڕوو و، شیکردەوە کە چۆن کارامەیی خوێندنەوەی کارا توانا بە فێرخوازان دەبەخشێت بۆ دەربڕینی بیرۆکەکانیان، پەیوەندیکردن بە متمانەوە و، بەشداریکردنی کاریگەرتر لە چالاکییە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکاندا.
پیتە بێدەنگەکانی زمانی ئینگلیزی
لە بەشێکى دیکەى سیمنارەکەیدا سابا ئەیاد عەبدولوەهاب پیتە بێدەنگەکانی لە زمانی ئینگلیزی بە قوتابیانى قوتابخانەکە ناساند و، ڕوونی کردەوە کە هەندێک پیت لە وشە نووسراوەکاندا دەردەکەون بەڵام لە کاتی خوێندنەوەدا ناخوێندرێنەوە؛ بۆ ئەم مەبەستەش چەند نموونەیەکی خستە ڕوو، کە ناسینەوەیان گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ باشترکردنی گۆکردن و، وردیی خوێندنەوە.
ستراتیژە کردارییەکان بۆ پەرەپێدانی خووی خوێندنەوە
لە کۆتاییی سیمینارەکەدا، فێرخواز پابەند فوئاد عەبدوڵڵا کۆمەڵێک ستراتیژی کرداریی بۆ پەرەپێدانی خووی خوێندنەوەی بەردەوام، باشترکردنی گۆکردن و، پاراستنی ڕۆتینێکی فێربوونی چالاک پێشکەش کرد. هەروەها هانی قوتابیانی قوتابخانەکەی دا کە خوێندنەوە بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەیان و، جەختی لە ڕۆڵی خوێندنەوە لە پشتگیریکردنی تەندروستیی دەروونی، پەرەپێدانی خود و، فێربوونی بەردەوام بە درێژاییی ژیان کردەوە.



