
فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی چالاکییەکی زمانەوانى لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی جیهان ئەنجام دەدەن
- Categories بەشی زمانی ئینگلیزی
- Date ئەیلوول 29, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 29/09/2026، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکییەکی فێرکارییان لەبارەی فەرهەنگی وشە لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی جیهان ئەنجام دا.
چالاکیەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستا پۆلا تەحسین محەمەد سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن مەحمود عەماد محەمەد بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخواز دڵبیرن لزگین عومەر عوسمان شیکردنەوەیەکی زانستیی لەبارەی جۆرە جیاوازەکانی پێشگر و پاشگرەکان (Prefixes and Suffixes) لە زمانی ئینگلیزیدا پێشکەش کرد و، تیشکی خستە سەر گرنگییەکانیان بۆ فێرخوازانی زمان، بۆ ئەوەشڕوونی کردەوە کە چۆن زانیاری لەبارەی پێشگر و پاشگرەکان دەبێتە هۆی گەشەپێدانی چوار لێهاتووییە سەرەکییەکەی زمان (گوێگرتن، ئاخاوتن، خوێندنەوە و نووسین) و، شێوازی بەکارهێنانی ئەم توخمانەی لە پرۆسەی فێربوونی زماندا شیکردەوە.
لە بڕگەی دووەمى چالاکیەکەدا، فێرخواز صبا إياد عبد الوهاب عبد الرزاق چالاکییەکی بەکۆمەڵی ڕێکخست کە تێیدا لە قوتابیان داوا کرا پێشگرەکان لە زمانی ئینگلیزیدا دیاری بکەن، قوتابیانیش بە هەماهەنگی بەشدار بوون لە شیکردنەوەی ڕۆڵی پێشگرەکان لە دروستکردنی واتادا. پاشان فێرخواز سەحەر سەدام توفیق عەزیز چالاکییەکی دیکەی پێشکەش کرد بە دابینکردنی لیستێک لە پاشگرەکان و، لە قوتابیان داوا کرا وشەی نوێ لە ڕێگەی زیادکردنی پاشگرەکان بۆ شێوە گونجاوەکانی وشەکان دروست بکەن.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ئاڵوگۆڕی وەڵامەکانی قوتابیان کرا و، سەرنج و ڕاستکردنەوەی ڕاستەوخۆ پێشکەش کران، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی ڕێزمان و تێگەیشتن لە چەمکی واتاسازی لە کاتی بەکارهێنانی پێشگر و پاشگرەکاندا.



