Back

فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی چالاکیەک لەبارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەیەک دەکەن

ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 12/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی فێرکارییان بە ناونیشانی «بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) لە ڕاهێنانی ئاخافتنی زمانی ئینگلیزیدا» لە قوتابخانەی هەولێری ئەهلی بەڕێوەبرد.

فێرخوازان سیمینارەکەیان بە سەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر پۆڵا تەحسین محەمەد سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی ئەنجام دا، بە گەیشتنیان بە قوتابخانەکە؛ فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن ئامانج فرهاد عزیز عبد الله، بەڕێوەبەری قوتابخانەی هەولێری ئەهلی پێشوازییان لێکرا.

پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش بە قوتابیان کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا دلبڕین لەزگین عومەر باسى لە سەکۆی ChatGPT کرد، لەو چوارچێوەیەشدا باسى لە چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە ڕاهێنانی ئاخافتنی زمانی ئینگلیزی، باشترکردنی گفتوگۆکردن، فراوانکردنی وشەکان و،  گەشەپێدانی لێهاتووییەکانی قسەکردن بە کارایی ڕوون کردەوە.

دوای ئەوە، محەمەد ئەحمەد قادر باسى لە سەکۆی Google Geminiی کرد و،  تیشکی خستە سەر ڕۆڵی لە هاوکاریکردنی فێرخوازان بۆ باشترکردنی وشەکان و ڕەوانبیژییان لە قسەکردندا لە ڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوامی ئاخافتن و، هاندانیان بۆ قسەکردن بە زمانی ئینگلیزی بە شێوازێکی زیاتر.

پاشان فێرخواز پابەند فوئاد عەبدوڵڵا ئەپڵیکەیشنی ELSA Speakی پێناسە کرد، کە ئامرازێکی فێربوونی زمانەکانە و بە ژیریی دەستکرد پاڵپشتی کراوە، گرنگییەکەی لە باشترکردنی گۆکردن، بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوون لە کاتی قسەکردندا و، پاڵپشتیکردنی فێربوونی سەربەخۆی زمانی ئینگلیزی شیکردەوە.