
فێرخوازانی بەشی شیکاریی تاقیگەى پزیشکى سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی شیفا ئەنجام دا
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئەیلوول 30, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 29/09/2026، لە تاقیگەی شیفا، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم بەشی شیکاریی تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر سالی خەلیل باقر بۆ تاقیگەى شیفا ئەنجامدا.
لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن حوسێن محەمەد سەرپەرشتیاری تاقیگە پێشوازی لە فێرخوازان کرا، دواتر ڕوونکردنەوەیەکى ورد لەبارەی بەشە سەرەکییەکانی تاقیگە و شێوازی کارکردن لە بەشەکانی نەخۆشییەکانی خوێن، کیمیای کلینیکی و سیرۆلۆجی پێشکەش کردن. لە بەشی نەخۆشییەکانی خوێندا، پشکنینی ژماردنی گشتگیری خوێن (CBC) و پێکهاتەکانی ڕاپۆرتەکە شیکرانەوە، لەوانەش ژمارەی خڕۆکە سوورەکان و سپییەکان و پەڕەکانی خوێن، خەستیی هیمۆگڵۆبین و ڕێژەی هیماتۆکریت.
هەروەها فێرخوازان لە بەشی کیمیای کلینیکی ئاشنای ئامێری (Fuji) بۆ شیکارییە کیمیاییەکان بوون و، بەتایبەت ڕێکارەکانی ئەنجامدانی پشکنینی کۆلیسترۆڵی گشتی و چەوریی سێیەم (Triglycerides)یان لە ئامادەکردنی نموونەکەوە تا خوێندنەوەی ئەنجامەکان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان بەوردى ئاشناى ڕەوتی کارکردن لە بەشی سیرۆلۆجی بوون و، زانیارییە تیۆرییەکانیان بە جێبەجێکردنی پرۆسەیی لە ناو تاقیگەدا بەستەوە.



