Back

فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ خزمەتگوزارییە دەستنیشانکردن و نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەی میهرەبانی بەسەردەکەنەوە

بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتى 12/10/2026، سەردانێکی فێرکاریی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ نەخۆشخانەی میهرەبانی ڕێکخست.

سەردانەکە بە سەرپەرشتیی هەریەک لە دکتۆرە ثاماری ثانگام و باران جومعە، بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان سەرەتا فێرخوازان لەلایەن لوقمان لەتیف عەزیز، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانە پێشوازى کران، پاشان کورتەییەکی لەبارەی بەشەکانی نەخۆشخانەکە و سروشتی خزمەتگوزارییە تەندروستییە بەردەستەکانی بۆ سەردانیکەران پێشکەش بە فێرخوازان کرد.

پاشان فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى بەشە سەرەکیەکانى  نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاگاداری میکانزمى کاری وێنەگرتنی بڕگەییی کۆمپیوتەری (CT)، وێنەگرتنی لەرەلەری مغناطیسی (MRI) و،  وێنەگرتنی شەپۆلە سەروودەنگییەکان (Ultrasound) بوون،

جگە لەوەش تاقیگە پزیشکییەکان و بانکی خوێنیان بەسەرکردەوە. هەروەها سەردانەکە چەندین بەشی تایبەتمەند و هەستیاری دیکەى لە خۆگرت، لەوانەش نەشتەرگەریی ئێسک، پزیشکیی ناوخۆیی، منداڵبوون و نەخۆشخانەکانی ئافرەتان، بەجیا لە هەردوو یەکەی چاودێریی چڕی ساواکان (NICU) و چاودێریی چڕی گشتی (ICU).

سەردانەکە بە کۆبوونەوەیەکی کلینیکیی جۆری کۆتایی هات، کە لەلایەن دکتۆر دلێر شینە عوسمان، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و ئەندامی تیمی دامەزرێنەر و کارگێڕیی نەخۆشخانەکە پێشکەش کرا، کە لە ناو هۆڵەکانی نەخۆشەکان، بە خستنەڕووی نموونەی بارودۆخە نەشتەرگەرییەکان کە فتق و بەسترانی ڕیخۆڵەی گرتەوە، باسى چۆنیەتیی بەستنەوەی زانیارییە تیۆرییەکان بە هەڵسەنگاندنی کلینیکیی ورد لە کاتی چاودێریی نەشتەرگەری و بەدواداچوونی نەخۆشەکاندا کرد.