
فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی لە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان چالاکییەک لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان ئەنجام دەدەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 26, 2026
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتى ٢٠٢٦/١١/٢٥، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر چالاکییەکی هۆشیارکردنەوەیان لەبارەی مافەکانی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
چالاکیەکە کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و دەستپێکی هەڵمەتی شازدە ڕۆژە، بە سەرپەرشتیی دکتور ڕۆژان عەلی خدر و مامۆستا دەشنێ عەبدوڵڵا سەعید بەڕێوەچوو
لە میانەى چالاکییەکەدا، هەر پێنج فێرخوازی بەشداربوو (گەشبین غەفوور، هاوناز کەریم، ئیسرا کەیفی، نصیبە عەبدولمەجید و سەحەر عەجید) لە ناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ سەردانیکەران گفتوگۆیان کرد و زانیارییان لەبارەی مافەکانی ژنان و پاراستنی سەلامەتی لە خێزان، شوێنی کار، قوتابخانە و ژینگەی دیجیتاڵیدا خستە ڕوو.
هاوکات فێرخوازان تیشکیان خستە سەر جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لەوانە توندوتیژیی جەستەیی، توندوتیژیی سۆزداری، دەستدرێژیی زارەکی و گێچەڵی دیجیتاڵی وەک هەراسانکردنی ئۆنلاین، بەدواداچوونی نەخوازراو و بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەتی بەبێ ڕەزامەندی، هاوکات جەختیان لە ڕێزگرتن، پشتیوانی، بەهێزکردن و هۆشیاری لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردەوە و داوایان لە سەردانیکەران کرد بۆچوونەکانیان لەسەر پاراستنی سەلامەتی لە کۆمەڵگادا هاوبەش بکەن.
لە کۆتاییدا، سەردانیکەران لە ڕێگەی پرسیار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ فێرخوازان بەشدار بوون سەبارەت بە شێوازەکانی گێچەڵی ڕۆژانە و ڕێگاکانی ڕێگری لە توندوتیژی و پەرەپێدانی یەکسانی و سەلامەتی لە کۆمەڵگادا کۆتایی هات.



