فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بەشداریی لە كۆڕێكی شیعریی و ئەدەبیی لە هەولێر دەكەن
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date حوزهیران 14, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 13-6-2026، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان كرد لە كۆڕێكی شیعریی و ئەدەبی كە لەلایەن ناوەندی گەنجان لە هەولێر و بە هاوبەشیی رێكخراوی كوردستان كڕۆنیكەڵ ڕێكخرابوو.
هەردوو فێرخواز (سەركار حسێن و هێزدار گەیلانی) لە قۆناغەكانی چوارەم و دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، لە كۆڕێكی شیعریی و ئەدەبیی بۆ نووسەر (تەڵعەت تاهیر) ئامادەبوون، كۆڕەكە لە هۆڵی كۆنفرانسی ناوەندی گەنجان لە هەولێر بەڕێوەچوو. لەم دیدارە ئەدەبییەدا، نووسەر و شاعیر تەڵعەت تاهیر تیشکی خستە سەر چەندین تەوەر و بابەتی گرنگی پەیوەست بە دونیای نووسین و دۆخی ئەدەبیاتی کوردی. ناوبراو باسی لە چەمکی نووسەربوون و ئەو زەحمەتی و ئاستەنگانە کرد کە لەم سەردەمەدا دێنە ڕێی نووسەران؛ بە تایبەت لە قۆناغێکدا کە بەهۆی پێشکەشکردنی ئامرازە جیاوازەکانەوە، ئێستا زۆربەی خەڵکی خۆیان چیرۆک و بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە تەنها پرۆسەی خوێندەواریی گرنگ نییە، بەڵکو پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە مرۆڤ چی لەو خوێندەوارییە دەکات و چۆن لە پێناو گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا بەکاری دەهێنێت.
لە بەشێکی دیكەی کۆڕەکەدا، تەڵعەت تاهیر ئاماژەی بە گرنگیی بەکارهێنانی زمانی سادە و ڕەوان لە نووسیندا کرد، بە جۆرێک کە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵک بتوانن بە ئاسانی لە پەیامەکەی تێبگەن. هەروەها تیشکی خستە سەر پرسی نوێگەریی لە شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا و جەختی لە پێویستیی تێگەیشتن لە دوایین گۆڕانکاری، خەم، مەراق، ئازار و تەنانەت نوکتە و شێوازی دەربڕینی خەڵکی لەم سەردەمەدا کردەوە، بۆ ئەوەی دەقە ئەدەبییەکان گوزارشت لە واقیعی ئێستای کۆمەڵگە بکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاعیر و نووسەر تەڵعەت تاهیر بە خوێندنەوەی چەند پارچە شیعرێکی سەرنجڕاکێش و کاریگەر، کۆتایی بەم کۆڕە ئەدەبییە هێنا.
You may also like
فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارى لە تاوتویکردنى پرسی بازاڕی ئۆنلاین لە بەرنامەی “لەگەڵ ڕەنج”دا دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (٣١/٥/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشەکانی (کارگێڕی کار) و (ڕاگەیاندن) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی “لەگەڵ ڕەنج” کرد، کە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو پەخش کرا. ئەم …


