فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی پیشانگەی نێودەوڵەتیی هایتێکس (HITEX 2026) دەكەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێككەوتی 7-10-2026، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر حەسەن فەهمی)، گەشتێكی زانستی و مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشەكە بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەكنەلۆژیا (HITEX 2026) لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕێكخست.
ئامانج لە ڕێكخستنی ئەم گەشتە مەیدانییە، ئاشناكردنی ڕاستەوخۆی فێرخوازان بوو بە نوێترین داهێنانەكانی بواری تەكنەلۆژیای دیجیتاڵ، پەیوەندییەكان، ژیریی دەستكرد و چارەسەرە تەكنیکییە پێشكەوتووەكان، لەگەڵ تێگەیشتن لە كاریگەریی ئەم تەكنەلۆژیایانە لەسەر پیشەسازیی میدیای هاوچەرخ.
لە میانی بەسەركردنەوەی بەش و كۆمپانیا بەشداربووەكانی نێو پێشانگەكەدا، فێرخوازان لە نزیكەوە ئاشنای نوێترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە دیجیتاڵییەكان بوون، بەتایبەت ئەو ئەپڵیكەیشن و ئامڕازانەی ژیریی دەستكرد كە لە درووستكردنی ناوەڕۆك، پەیوەندییەكان، بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی و بەڕێوەبردنی پلاتفۆرمە میدیاییە نوێیەكاندا بەكاردەهێنرێن. هەروەها دەرفەتێكی گرنگ ڕەخسا بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەر و پسپۆڕانی كۆمپانیا و دامەزراوە بەشداربووەكان بۆ ئاشنابوون بە میكانیزمی كاركردنی ئەو سیستەمانە و پێداویستییەكانی بازاڕی كار لە ژینگەی نوێی میدیاییدا.
لە بەرامبەردا، فێرخوازان بایەخێكی زۆریان بە تەوەرەكانی پەیوەست بە ژیریی دەستكرد و گۆڕانی دیجیتاڵی نیشاندا و لەڕێگەی ئاراستەكردنی پرسیار و تێبینییەكانیانەوە گفتوگۆیان كرد دەربارەی چۆنیەتیی سوودوەرگرتن و كاریگەریی ئەو تەكنەلۆژیایانە لە بواری ڕاگەیاندندا.
لەكۆتایی سەردانەكەدا، فێرخوازان سوود و بایەخی ئەم جۆرە گەشتە مەیدانییانەیان لە دەوڵەمەندكردنی دیدی زانستی و پراكتیكییان بەرز نرخاند كە هاوكارە لە ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار، لەو چوارچێوەیەشدا سەرپەرشتیاری چالاكییەكە جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاكییە زانستییانە كردەوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی زانستی و پیشەیی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن.
