فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن “قشڵەی ئاكرێ” بەسەردەكەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 22-4-2026، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (احمد جمال حمەكریم)، گەشتێکی زانستی و مەیدانییان بۆ “قشڵەی مێژوویی ئاکرێ” لە شارۆچكەی ئاکرێ ئەنجام دا، کە بە یەکێک لە گرنگترین و دێرینترین شوێنەوارە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
لە دەستپێکی گەشتەکەدا كە هەردوو فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن (ژیار ئیسماعیل عەبدولڕەحیم و عومەر غالب عەبدوللـەتیف) تێیدا بەشداربوون، لە نزیکەوە ئاشنای مێژووی درووستکردنی قشڵەکە بوون، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی (نزیکەی ٢٢٠ ساڵ پێش ئێستا). لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی قشڵەکەیان بەسەرکردەوە کە ڕووبەری زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ مەتری چوارگۆشەی داگیر کردووە. لای خۆشیانەوە، فێرخوازان خۆشحاڵی خۆیان بەم گەشتە زانستییە دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد کە بینینی ئەم شوێنەوارە لە نزیکەوە، دیدگایەکی فراوانتری پێ بەخشین سەبارەت بە چۆنییەتی ڕووماڵکردنی بابەتە مێژووییەکان و گرنگی بەدۆکیۆمێنتکردنی شێوازە تەلارسازییە کۆنەکانی کوردستان.
مامۆستای سەرپەرشتیار جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی ئەم جۆرە گەشتە مەیدانییانە کردەوە بۆ ئاشنابوونی فێرخوازان بە ناسنامەی مێژوویی و شارستانیی کوردستان و چۆنییەتی پاراستنی شوێنەوارەکان وەک سەرمایەیەکی نیشتمانی.







