فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارى لە بەرنامەیەکی تەندروستیی تەلەڤزیۆنی “ڕووداو” دەکەن، کە تایبەت بوو بە ستانداردەکانی کوالێتی خۆراک
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ, بهشی نیوتریشن و دایەتێتیکس, بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی
- Date تەممووز 21, 2026
لە ڕێکەوتی ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٦،گروپێک لە فێرخوازانی بەشە جیاوازەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (زوبەیدە هیشام)، بەشدارییان لە بەرنامەیەکی تەندروستی تەلەڤزیۆنى ڕوداو کرد، کە لەلایەن (دکتۆر ئاراس)ـەوە پێشکەش دەکرا.
ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی “ستانداردەکانی کوالێتی خۆراک”، کە تێیدا گفتوگۆی ورد دەربارەی هەڵسەنگاندنی کوالێتی ئارد، گۆشت، خوێ و ڕۆنی چێشتلێنان کرا. لە بەرنامەکەدا جەخت لەسەر مەرجە سەرەکییەکانی تەندروستی و سەلامەتی لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنان، چارەسەرکردن، کۆگاکردن و دابەشکردنی خۆراکدا کرایەوە، هاوکات ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی “کۆنتڕۆڵی جۆری” کرا لە پاراستنی تەندروستی گشتیدا. جگە لەوەش، ڕێنمایی پراکتیکی پێشکەش بە بینەران کرا دەربارەی چۆنیەتی خوێندنەوەی لێبڵ (Labels)ی سەر خۆراکەکان، دڵنیابوونەوە لە ڕێکەوتى بەرهەمهێنان و بەسەرچوون و، ناسینەوەی سەرچاوە متمانەپێکراوەکانی خۆراک.
لە میانی ئەم بەشداریکردنەیاندا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرنامە تەلەڤزیۆنییە تەندروستییەکان بوون و ئەزموونی ئەوەیان بەدەستهێنا، کە چۆن زانیارییە زانستی و خۆراکییەکان لە ڕێگەی میدیاوە دەگەیەنرێنە جەماوەر. هەروە لە میانەى بەرنامەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕۆڵی تاقیگەکانی “شیکاریی کیمیایی پزیشکی” لە هەڵسەنگاندنی کوالێتی خۆراک و ئەنجامدانی پشکنینە تاقیگەییەکان کرا، بۆ دۆزینەوەی ماددە پیسکەرەکان و دڵنیابوونەوە لە گونجانی خۆراک لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.



