Back

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە دامەزراوەی نێودەوڵەتیی (International Foundation Group – IFG) لە وڵاتی بەریتانیا، دەستیان بە خولێکی چڕی پەرەپێدانی توانستەکانی زمانی ئینگلیزی کرد.

ئەم پڕۆگرامە ئەکادیمییە لە ئەنجامی هەماهەنگیی نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و دامەزراوەی (IFG) جێبەجێ دەکرێت، کە تێیدا فێرخوازان بۆ ماوەی دوو هەفتە بە سەرپەرشتی مامۆستایانی پسپۆڕ وانەکان بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى دەخوێنن و ڕاهێنانیان پێ دەکرێ.

لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی خولەکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە لەلایەن مامۆستایانى دامەزراوەکە ئاشنای سیستمە مۆدێرنەکانی خوێندن لە بەریتانیا و ستانداردە ئەکادیمییەکانی ئەو وڵاتە کران. ناوەڕۆکی خولەکە وانەکانی گرامەر، ئاخافتن و نووسینی زانستی لەخۆدەگرێت، کە تێیدا مامۆستایان جەختیان لەسەر گرنگیی زمانی ئینگلیزی کردەوە وەک ئامرازی سەرەکیی گەیشتن بە سەرچاوە مەعریفییە جیهانییەکان. پاشان دەست کرا بە پێشکەشکردنى وانەکان، لەو چوارچێوەیەدا مامۆستایان بە شێوازێکی کارلێکەر وانەکانیان پێشکەش دەکرد تاوەکو فێرخوازان بتوانن لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیدا کارامەییەکانی پەیوەندیکردن پەرەپێبدەن و لەگەڵ شێوازەکانی فێربوونی ئەوروپی ڕابێن.

شاندی فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر لەم خولەدا، بە سەرپەرشتی (دکتۆر ئەنەس ئەلخووری) پێکهاتوون لە: (ڕیان حوسێن حەسەن) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان، (عەلی ماهر داود) فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی و، (ڕێکەوت عەبدوڵا ڕەسوڵ) فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر.