فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە زانکۆی پالاجکیی کۆماری چیک بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای نوێترین تەکنیکەکانی توێژینەوەی پزیشکی دەکرێن
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ, بەشی پەرستاری تەندروستی كۆمەڵ, بەشی تـەکـنـیـکـی سـڕکــردن
- Date حوزهیران 27, 2026
لە بەردەوامى چالاکییەکانی ڕۆژی سێیەمی پڕۆگرامی خوێندنی هاوینەی “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE)” لە زانکۆی پالاجکی (Palacký University) لە شاری ئۆلۆموسی کۆماری چیک، گرووپێک لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەردەوامییان بە چالاکییە ئەکادیمی و پراکتیکییەکانیان دا.
لەو چوارچێوەیەدا و بەرنامەی سێیەم ڕۆژى خولەکەیان بە سیمینارێکی زانستی دەستی پێکرد کە تێیدا بنەماکانی سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی لە ناو تاقیگەکاندا شیکرانەوە، پاشان فێرخوازان بەشدارییان لە گەشتێکی پراکتیکی و مەیدانیدا کرد بۆ ئاشنابوون بە ڕێکارەکانی “سەلامەتیی کیمیایی”. لەم بەشەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە کیمیاییەکان و شێوازی کۆگاکردنیان بوون بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ژینگەی کار و سەلامەتیی توێژەران لە تاقیگە پزیشکییەکاندا.
ئەم گرووپە کە پێکهاتوون لە (مینا حوسێن کەریم) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ، (کامگار سەرهەنگ مستەفا) و (ئیسماعیل قادر عەزەت) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکی سڕکردن، لەگەڵ (هەردی عوبەید ڕەفیق) دەرچووی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی شارەزایی مەیدانی لە بواری سەلامەتیی تاقیگە و توێژینەوەی زانستی بەشدارن.
هەر لە درێژەی چالاکییەکانى سێیەم ڕۆژدا، دەرفەتێکی زێڕین بۆ فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر ڕەخسا تاوەکو سەردانی “پەیمانگەی پزیشکیی گەردیلەیی و وەرگێڕان” (Institute of Molecular and Translational Medicine) لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی پالاجکی بکەن. لەم بەسەرکردنەوەیەدا، فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی توێژینەوەی زانستی و یەکە کلینیکییەکانیان بینی و زانیاریی بەنرخیان دەربارەی ژێرخانی تەکنەلۆژی و شێوازە مۆدێرنەکانی کاری تاقیگەیی لە ئەوروپا بەدەستهێنا..



