
فێرخوازانی کۆلێژی دەرمانسازی باس لە دەرمان و پیشەی دەرمانسازی بۆ قوتابیانى ئامادەیی جیهان دەکەن
- Categories کۆلێژی دەرمانسازی
- Date تشرینی یەکەم 4, 2026
کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە، سەردانێکی فێرکاری و زانستیی بە بەشداریی ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم بە سەرپەرشتیی یاریدەدەری توێژەر ئایە قەیسەر ئیبراهیم بۆ ئامادەیی جیهان ڕێکخست.
لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن مەحمود عیماد، بەڕێوەبەری قوتابخانە و ژمارەیەک لە مامۆستایان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان کۆمەڵێک بابەتیان لەبارەى دەرمان و پیشەى دەرمانسازى بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە باسکرد، لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا فێرخواز مینا مەهدی ساڵح بابەتێکى بە نێونیشانی “دەرمان چییە؟” دەست پێکرد، کە تێیدا باسى لە چەمکی دەرمان و گرنگییەکەی کرد، هەروەها شیکردنەوەیەکی سادەی بۆ قوتابیان لەبارەی ماهیەتی دەرمانەکان و ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی بارودۆخە نەخۆشییەکان و پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ پێشکەش کرد.
پاشان فێرخواز نالین ئەمجەد عەبدولقادر بە نێونیشانی “ئەو دەرمانانەی لە ڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێن” پێشکەش کرد، کە تێیدا باسی لەو دەرمانانە کرد کە لە ڕێگەی دەمەوە دەخورێن و، دیارترین شێوازەکانی، ڕێگەی بەکارهێنانیان و گرنگیی هەڵبژاردنی شێوازی دەرمانیی گونجاو بۆ نەخۆشی ڕوون کردەوە.
لە لایەن خۆشییەوە، فێرخواز ملاک نەورس فایەق باسى لەوە کرد، کە “کەی دەرمان نابێتە وەڵام یان چارەسەر؟”، بۆ ئەوەش ئاماژەی بەو بڕگانە کرد کە ڕەنگە حەب تێیاندا گونجاوترین هەڵبژاردەی دەرمانی نەبێت، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی هەبوونی شێوازی دەرمانیی جیاواز کە دەکرێت بەپێی بارودۆخی نەخۆش و سروشتی چارەسەرەکە بەکاربهێنرێن.
لە کۆتاییدا فێرخواز ڕوئیا ئەحمەد عەبدولحەلیم بە نێونیشانی “چی ڕوودەدات دوای خوردنی دەرمان؟” بابەتێکى پێشکەشکرد و، بە شێوازێکی سادە شیکردەوە کە چی بەسەر دەرماندا دێت لە ناو لەشدا دوای خواردنی و، چۆن دەگاتە شوێنی مەبەست تا کاریگەرییە چارەسەرکارییەکەی دەربخات.
چالاکییەکە ئاڵوگۆڕییەکی کارای لەلایەن قوتابیانی قوتابخانەکەوە بەخۆیەوە بینی، بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆیان تا پرسیار و تێبینییەکانیان ئاڕاستە بکەن و بەشداری لە گفتوگۆکەدا بکەن، کە ئەمەش بەشداربوو لە بەهێزکردنی زانیارییان لەبارەی دەرمانەکان و دەرمانسازییەوە.



