فێرخوازێکى بەشی پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان، یانەی ئافرەتانی هەولێری کردە پاڵەوانیی جامی کۆماری عێراق بۆ تۆپی پێی بچووککراوە
- Categories بهشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان
- Date ئاب 4, 2026
فێرخواز مەزن محەممەد لە بەشی پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، وەک ڕاهێنەری یانەی ئافرەتانی هەولێر نازناوی پاڵەوانیەتیی جامی کۆماری عێراقی لە یاریی تۆپی پێی بچووککراوە (Mini-football) لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا.
ئەم ئەنجامە دوای زنجیرەیەک یاریی کێبڕکێ لە نێوان یانە بەشداربووەکانی پارێزگاکانی عێراقدا هات. لە یاریی کۆتاییی پاڵەوانیەتییەکەدا، كە ڕۆژى یەکشەممە ڕێککەوتى (٢/٨/٢٠٢٦) لە قەزاى سەربەخۆى سۆران بەڕێوەچوو، یانەی ئافرەتانی هەولێر ڕووبەڕووی یانەی ئافرەتانی سۆران بووەوە. لە یارییەکەدا یاریزانانی یانەی ئافرەتانی هەولێر ئاستێکی هونەریی بەرزیان پێشکەش کرد و توانییان بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر (1 – 0) سەرکەوتن بەدەست بهێنن و نازناوی پاڵەوانی جامی کۆماری عێراق بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پلانە تەکنیکییەکانی ڕاهێنەر و کارامەیی یاریزانەکان لە ناو یاریگەدا بووە هۆی یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکە. ئەم دەستکەوتە وەرزشییە، ئاستی لێهاتوویی و شارەزایی ئەکادیمیی فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر لە بواری پسپۆڕیی وەرزش و ڕاهێناندا دەخاتە ڕو.
لە لایەکی دیکەوە، بەشداریی فێرخوازان وەک ڕاهێنەر و سەرپەرشتیار لە یانە وەرزشییەکاندا، ڕۆڵی زانکۆ لە پێگەیاندنی کادری شارەزا بۆ ناوەندە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نیشان دەدات. چالاکییەکە بە دابەشکردنی جامی پاڵەوانیەتییەکە و میدالیا بەسەر یاریزانان و دەستەی ڕاهێنەرانی یانەی ئافرەتانی هەولێردا کۆتایی هات.



