فێرخوازێکی بەشی پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان سەرپەرشتیی شاندی تیمی تایکواندۆی کوردستان لە کۆریای باشوور دەکات
- Categories بهشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان
- Date ئاب 4, 2026
فێرخواز هێمن مەهدی قادر لە بەشی پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، وەک سەرۆکی شاند و ڕاهێنەر سەرپەرشتیی تیمی تایکواندۆی کوردستان لە پاڵەوانیەتیی جیهانیی هانمادانگ ٢٠٢٦ (2026 World Taekwondo Hanmadang) دەکات .
ئەم پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییە لە شاری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور ڕۆژى یەکشەممە ڕێککەوتى (١/٨) دەستپێکرد و تا ڕێککەوتى (٥/٨/٢٠٢٦) بەردەوام دەبێت و، تێیدا (٢٠٠٠) بەشداربوو لە (٦٢) وڵات بەشدارى پاڵەوانیەتییە دەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا هێمن مەهدی قادر، کە پێشتر یاریزانێکی نێودەوڵەتیی دیاری ئەم وەرزشە بووە، لەم گەشتە وەرزشییەدا سەرکردایەتیی تیمێک دەکات، کە لە نۆ یاریزانی لێهاتوو (هەشت کوڕ و یەک کچ) پێکهاتووە و، لە شار و دەڤەرە جیاوازەکانی کوردستانەوە دەستنیشان کراون.
ئەم بەشدارییە لە ناوەندی تایکواندۆی جیهانیی کوکێوان (Kukkiwon) ئەنجام دەدرێت، کە بە یەکێک لە ناوەندە پڕبایەخەکانی جیهان بۆ وەرزشی تایکواندۆ دادەنرێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا، چالاکییەکە وەک وێستگەیەکی گرنگ بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی وەرزشکارانی کوردستان و ئاستی بەرزی ئەکادیمی و کارگێڕیی فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا دەخریتە ڕو. لە لایەکی دیکەوە، ئەم جۆرە بەشدارییانە متمانەی خوێندنی ئەکادیمی لە بواری وەرزشدا بەهێزتر دەکەن و توانای فێرخوازان لە بەڕێوەبردنی شاندە وەرزشییەکاندا دەسەلمێنن.
لە خولی ئەمساڵی پاڵەوانیەتیی جیهانیی هانمادانگدا، زیاتر لە ٦٠ وڵات لە سەرانسەری جیهانەوە بە هەزاران وەرزشکار و یاریزان بەشدارییان تێدا کردووە. ئەم ڕووداوە جیهانییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ناساندنی توانستە وەرزشییەکانی کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونە تەکنیکییەکان لەگەڵ وەرزشکارانی وڵاتانی دیکە، کە تێیدا کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامە باڵاکان دەکرێت.



