فێستیڤاڵی شەوانەی زانکۆی جیهان-هەولێر؛ بووەتە وێستگەیەک بۆ نمایشکردنى کارسازی، داهێنانی هونەری، کێبڕکێ و کاتبەسەربردن
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئاب 31, 2026
فێستیڤاڵی شەوانەی زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە پێشکەشکردنی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی، کە تێیدا لە پاڵ نمایشکردنی بەرهەمی دەستی و کار و چالاکیی کۆمپانیا و چێشتخانەکان، چەندین بڕگەی هونەری و کێبڕکێی جۆراوجۆر بۆ بەشداربووان و سەردانیکەران ئەنجام دەدرێن.
ئەم فێستیڤاڵە بە ئامادەیی هونەرمەندان و بەهرەمەندان و دەرچووان، کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی هونەری بۆ شەوانی هەولێر و سەردانیکەران فەراهەم کردووە و، دیمەنێکی ڕازاوەتری بە فێستیڤاڵەکە بەخشیوە.
لەو چوارچێوەیەدا و لە شەوانی ڕابردوودا، دوو دەرچووی بەهرەمەندی زانکۆى جیهان-هەولێر بە ناوەکانی (ژیکار ئەمیر و زێرەڤان تەمۆ) بە دیدارێکی هونەری و ئەدەبیی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد. ئەم دوو هونەرمەند و شاعیرە لاوە بە خوێندنەوەی چەندین پارچە شیعر و پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەری، جوانییەکی زیاتریان بە فێستیڤاڵەکە بەخشی و داهێنانی فێرخوازان و دەرچووانی زانکۆکەیان لە کایە کەلتورییەکاندا خستە ڕو. ئەم جۆرە چالاکییانە وەک ڕێگەیەک بۆ زیندووکردنەوەی بەهرەکان و بەستنەوەی دەرچووان بە زانکۆکەیان دادەنرێت.
فێستیڤاڵەکە کە شەوانە پێشوازی لە سەدان هاووڵاتی لە چین و توێژە جیاوازەکان دەکات، بووەتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ تێکەڵبوون و ئاوێزانبوونی کۆمەڵگە و زانکۆ. ئەم کەشە هونەری و کۆمەڵایەتییە وای کردووە کە خێزانەکان و گەنجان بە ئارەزوویەکی زۆرەوە ڕوو لە کەمپەسی زانکۆى جیهان-هەولێر بکەن، کە ئەمەش ئامانجی سەرەکیی زانکۆ بۆ کرانەوە بە ڕووی بازاڕ و خەڵکدا بەدی دەهێنێت و سیستمێکی هاوسەنگی کۆمەڵایەتیی دروست دەکات.
وا بڕیارە لە شەوانی داهاتووشدا فێستیڤاڵەکە بە کۆمەڵێک چالاکیی دیکەی هەمەچەشن بەردەوام بێت، لەوانە نمایشکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتاری کە بەرهەمی پڕۆژەکانی فێرخوازانن، پێشبڕکێی کاتبەسەربردن، ئێوارەشیعری و ئەدەبی لەگەڵ دەرچووان، نمایشکردنی فیلمى کوردیی. هەروەها چالاکییە کاتبەسەربردنەکان وەک خولی پلەی ستەیشن لەگەڵ دابەشکردنی خەڵات بەسەر براوەکاندا، بەشێکی دیکە دەبن لە بڕگەکانی داهاتوو؛ کە جۆش و خرۆشی زیاتر بە فێستیڤاڵەکە دەبەخشن.
فێستیڤاڵی شەوانەی زانکۆى جیهان-هەولێر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 27/08/2026 لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆ و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمیندارییەتی زانکۆ و پەیمانگەكانی جیهان کرایەوە. ئەم چالاکییە جەماوەرییە بۆ ماوەی 10 شەو بەردەوام دەبێت و وەک دەرفەتێکی گرنگ بۆ کاتبەسەربردن و ناساندنی بەرهەمە ناوخۆییەکان خزمەت بە فێرخوازان و دەرچوان و هاووڵاتییان و کۆمپانیا و دامەزراوە جیاکان دەکات.



