Back

لە بەشی زمانی ئینگلیزی خولێکی ڕاهێنان لەبارەی هاندان و بازاڕگەری بۆ لێهاتوویی فێرخوازان بەڕێوەچوو

ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 13/10/2026، لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان–هەولێر خولێکی ڕاهێنان بە ناونیشانی «هاندان و بازاڕگەری بۆ لێهاتوویی فێرخوازان لە زمانی ئینگلیزیدا»،  بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بەڕێوەچوو.

خولەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر مەروە مەحمود ئەمین، لەلایەن دکتۆر چەلەنگ عەبدولسەلام لە هۆڵى ئەکادیمیاى جیهان بەڕێوەچوو، لە دەستپێکی خولەکەدا، دکتۆر چەلەنگ عەبدولسەلام تیشکی خستە سەر ڕۆڵی هاندان لە فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا، بۆ ئەوەش هانی فێرخوازانی دا گەشە بە لێهاتووییەکانی ئاخافتن لە ڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوام، بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوون و، بەشداریی کارا لە چالاکییە ئینگلیزییەکاندا بدەن.

پاشان گرنگیی لێهاتوویی لە زمانی ئینگلیزی لە بازاڕی کاردا تاوتوێ کرا، بۆ ئەوەش چەلەنگ عەبدولسەلام ڕوونی کردەوە چۆن لێهاتووییەکانی پەیوەندیکردنی کارا دەتوانن هاوکاری دەرچووان ببن بۆ سەرکەوتن لە چاوپێکەوتنەکانی کار، بەهێزکردنی دەرفەتەکانیان لە بەدەستهێنانی کاردا و، پەیوەندیکردنی کارا لە ژینگەی کاری پیشەییدا.

هەروەها هانی فێرخوازانی دا بەشداری لە چالاکی و خولە ڕاهێنانە پەیوەندیدارەکاندا بکه ن بەر لە دەرچوونیان و، بەردەوام بن لە گەشەپێدانی لێهاتووییە زمانییەکانیان دوای دەرچوونیش، بەجۆرێک کە پاڵپشتی لە ئامانجە ئەکادیمی و پیشەیییەکانیان بکات.

لە بەشێکى دیکەدا؛ جەختی لەسەر گرنگیی ئارامگری، بەردەوامی، هاندانی خۆیی و هەوڵی بەردەوام لە هێنانەدیی ئامانجە کەسی، ئەکادیمی و پیشەیییەکاندا دەکردەوە. پاشان داواى لە فێرخوازان کرد سێ خاڵی هێزی کەسی، دوو لێهاتوویی لە زمانی ئینگلیزیدا کە ئارەزووی گەشەپێدانیان دەکەن و، یەک ئامانجی پیشەیی کە هیواداران لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بەیەکگەیشتنی بۆ بکه ن، دیاری بکه ن.

لە کۆتاییدا، مامۆستای یاریدەدەر مەروە مەحمود ئەمین، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی دکتۆر چالانگ عەبدولسەلام کرد بۆ پێشکەشکردنی خولە ڕاهێنانەکە و هاوبەشیکردنی زانیاری و شارەزاییەکانی لەگەڵ فێرخوازاندا.