
لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرکەوتویی کۆتایی بە خولى پێنجەمى ڕێگەکانی وانەوتنەوەی هاوچەرخ (پێداگۆجى) بۆ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە هات
- Categories بەشى پەروەردەی گشتی, ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئەیلوول 26, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 23/09/2026، لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکانی پێنجەمین خولی ڕاهێنان ڕێگاکانی وانەوتنەوەی هاوچەرخ (پێداگۆجی) کۆتاییان هات، کە لەلایەن بەشی پەروەردەی گشتیی بە هاوکاریی ئەکادیمیای جیهان بۆ مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە ڕێکخسترا بوو.
خولەکە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش هەفتە بەردەوام بوو و، 54 کاتژمێری ڕاهێنانی چڕکراوە، بەشێوەى تیۆریی و پراکیتکى پێشکەش بە مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کرا. پڕۆگرامی ڕاهێنانەکە جەختی لەسەر بەڕێوەبردنی پۆل بە شێوەیەکی کاریگەر، دەروونناسیی پەروەردەیی، تێکەڵکردنی ژیریی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردەدا و، پەیڕەوکردنی ڕێگەکانی وانەوتنەوەی هاوچەرخ بۆ تێپەڕاندنی شێوازی نەریتیی و بەهێزکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کردەوە.
لە کۆتایی خولەکەدا، تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندنی کۆتایی لە کەشێکی ئەکادیمی و ڕێکخراودا بەڕێوەچوو بە مەبەستی دیاریکردنی ئاستی وەرگرتن و جێبەجێکردنی ئەو لێهاتووییە پراکتیکییانەی کە مامۆستایان بە درێژایی خولەکە وەریانگرتبوو.



