لە پەراوێزی گەشتە زانستییەکەیان بۆ چین؛ مامۆستایانی بەشەکانى یاسا و کارگێڕى کار سەردانی (Stone Forest) لە شاری کونمینگ دەکەن
- Categories بەشی كارگێڕی كار, بەشی یاسا
- Date تەممووز 15, 2026
لە چوارچێوەی کارەکانی پڕۆگرامێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاهێنانی ئەکادیمی لە کۆماری میللیی چین، دکتۆر عومەر زوبێر زاهیر، سەرۆکی بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر لە بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی ناوچەی ناوداری “دارستانی بەردین (Stone Forest – Shilin)”یان لە شاری کونمینگ (Kunming) کرد.
ئەم سەردانە مەیدانییە وەک بەشێک لە چالاکییە کەلتووری و فێرکارییەکانی پڕۆگرامەکە ڕێکخرابوو، بە مەبەستی ئاشنابوون بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارە سروشتی و جیۆلۆجییەکانی جیهان. لە میانی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، خاتوو (Daisy Ma) وەک ڕێبەری گەشتیاری و خاتوو (Hayley Qiuling) وەک نوێنەری تیمی پڕۆگرامی نێودەوڵەتی، هاوەڵی شاندی زانکۆیان کرد و ڕوونکردنەوەی زانستیی وردیان دەربارەی گرنگیی مێژوویی، کەلتووری و جیۆلۆجیی دارستانی بەردین پێشکەش کرد. ئەم ناوچەیە کە بە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین پێکهاتە بەردینە کلسییەکان لە جیهاندا دادەنرێت، بە درێژایی ملیۆنان ساڵ و بەهۆی پرۆسە سروشتییەکانەوە شێوەی گرتووە، کە دیمەنێکی ناوازەی جیۆلۆجیی پێکبهێناوە و ساڵانە هەزاران گەشتیار و توێژەر لە سەرتاسەری جیهانەوە ڕادەکێشێت.
هەر لە میانی سەردانەکەدا، شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاشنای مێژووی دامەزراندنی پارکی دارستانی بەردین کران، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣١، کاتێک (Long) جوانی و بایەخی تایبەتی ناوچەکەی ناساند و ناوی “دارستانی بەردین”ی لێنا و یەکەم بەڕێوەبەرایەتی فەرمیی بۆ پارکەکە دامەزراند. لەو کاتەوە ئەم شوێنە وەک هێمایەک بۆ میراتی سروشتیی دەوڵەمەندی چین و ناوەندێکی جیهانیی گەشتیاری ناسێنراوە.
ئەم بەسەرکردنەوەیە دەرفەتێکی گرنگی بۆ مامۆستایانی زانکۆ ڕەخساند تا لە نزیکەوە ئاشنای ئەزموونی سەرکەوتووی چین بن لە پاراستنی میراتی سروشتی، پەرەپێدانی گەشتیاریی بەردەوام (Sustainable Tourism) و پاراستنی دیمەنە جیۆلۆجییە دەگمەنەکان.



