مامۆستایانی بەشی کارگێری کار و یاسا ئاشنای تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هێڵی ئاسنينی شاری کونمینگ لە چین دەكرێن
- Categories بەشی كارگێڕی كار, بەشی یاسا
- Date تەممووز 18, 2026
لە درێژەی چالاکییەکانی پڕۆگرامێکی ئەکادیمیی نێودەوڵەتیدا لە کۆماری میللیی چین، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٦، دکتۆر عومەر زوبێر زاهیر، سەرۆکی بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر لە بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سەردانی “کۆلێژی پیشەیی و تەکنیکیی هێڵی ئاسنی کونمینگ (Kunming Railway Vocational and Technical College – KRVTC)“یان کرد.
سەرەتا شاندی زانکۆ لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ما لی (Ma Li)، مامۆستا لە کۆلێژەکە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان هاوەڵى بەشداربوانى کرد و، چەندین بەش و ناوەندی ڕاهێنانی کردەیی (Practical Training)یان بەسەرکردەوە، بەتایبەت: ژووری ڕاهێنانی گواستنەوەی گەشتیاران و ناوەندەکانی ئاراستەکردن و وەرگرتنی شەمەندەفەر. لەوێ لە نزیكەوە ئاشنای سیستەی پێشکەوتووی فێرکردنی پیشەیی و میتۆدەکانی ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ کەرتی گواستنەوەی هێڵی ئاسن بوون. پڕۆفیسۆر دکتۆر ما لی (Professor Dr. Ma Li) لە ڕوونی کردەوە کە تۆڕی شەمەندەفەری چین لەسەر بنەمای دوو سیستمی سەرەکی (گەشتیاری و بارهەڵگر) دامەزراوە، هەروەها تیشکی خستە سەر هەموو قۆناغەکانی دروستکردن و بەڕێوەبردنی مێترۆ. لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، مامۆستایانی زانکۆی جیهان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا بە شێوەی سیمیولەیشن (Simulation) تاقیگە پێشکەوتووەکانی لێخوڕینی شەمەندەفەر تاقی بکەنەوە.
لە پەراوێزی سەردانەکە و لە گفتوگۆیەکی زانستیدا، سەبارەت بە بوونی ئەم جۆرە تەکنەلۆژیا و ناوەندانەی ڕاهێنان لە عێراق، مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە لە ئێستادا ئەم ئاستە لە تەکنەلۆژیا لە وڵاتدا بەردەست نییە، بەڵام هیواى خواست لە ئاییندەدا سوود لەم جۆرە سیستمە پێشکەوتووانە وەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە و ژێرخانی ئابووریی وڵات.
پاشان، شاندی زانکۆ سەردانی پیشانگەی مێژوویی هێڵی ئاسنیان کرد، کە تێیدا پارچەیەکی دەگمەنی هێڵی ئاسنی “Yunnan–Vietnam Railway” نمایش کرابوو کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٨٨١ دەگەڕێتەوە. ئەم پارچە ئاسنە کە بەرهەمی کۆمپانیایەکی فەڕەنسییە، لە ساڵی ٢٠١٥ لە ناو کەمپەسی کۆلێژەکە دۆزرایەوە و لەلایەن پڕۆفیسۆر لی فو (Li Fu)، زانای ناوداری زانکۆی “Southwest Jiaotong”، هەڵسەنگاندنی ئەکادیمیی بۆ کراوە و وەک بەشێکی گرنگ لە میراتی پیشەسازیی ناوچەکە پارێزراوە.
ئەم سەردانە زانستییە دەرفەتێکی بێهاوتای ڕەخساند بۆ تێگەیشتن لە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی چین و سیستەمی فێرکردنی کردەیی، و هەنگاوێکی تری گرنگی زانکۆی جیهان-هەولێرە بۆ پتەوکردنی هاوکارییە ئەکادیمییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ دامەزراوە زانستییە پێشەنگەکانی جیهاندا.



