مامۆستایانی بەشەکانی کارگێڕی کار و یاسا بەشداریان لە چالاکیەکی تایبەت بە سیستمی بەڕێوەبردن و گواستنەوەی شەمەندەفەرى کۆماری میللی چین کرد
- Categories بەشی كارگێڕی كار, بەشی یاسا
- Date تەممووز 22, 2026
لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نێودەوڵەتی ڕاهێنانی ئەکادیمی لە کۆماری میللی چین، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (21/07/2026)، دکتۆر عمر زوبیر ظاهر، سەرۆکی بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر لە بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری چالاکیەکى زانستی تایبەت بە سیستمی بەڕێوەبردن و گواستنەوەی شەمەندەفەرى کۆماری میللی چین کرد.
لەو چالاکیەدا، کە بە ناونیشانی “Theory and Methods for Dispatching and Command of Railway Transportation”، کە لە Southwest Jiaotong University بەڕێوەچوو. ناوەرۆکەکەى هەریەک لە (Mr. He Bisheng و Mr. Zhang Yimeng) مامۆستایان لە زانکۆى Southwest Jiaotong University، پێشکەش کرا. بۆ ئەوەش سەرەتا (Mr. He Bisheng) بنەما تیۆرییەکانی سیستمی بەڕێوەبردن و فرماندەیی گواستنەوەی شەمەندەفەر خستەڕوو، هەروەک تیشکى خستە سەر چەمکی (Scheduling) و ڕۆڵی “brain” سیستمی گواستنەوەی شەمەندەفەر ڕوونکردەوە، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێکخستنی سەرچاوەکان، هاوئاهەنگکردنی کارەکان و، باشترکردنی جوڵەی گواستنەوەی گەشتیاران و بار. هەروەها باس لە سێ توخمی سەرەکی بڕیارەکانی (Scheduling) کرد، کە بریتین لە (Load Assignment، Sequencing و Scheduling Time)، لەگەڵ گرنگترین سنووردارە کارپێکردنییەکان، وەک سنوورداربوونی سەرچاوەکان، پێشینەی کارپێکردن و بەڕێوەبردنی کات. هەروەها، گرنگی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیر و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی کارامەیی، ئاسایش و متمانەی سیستمی گواستنەوەی شەمەندەفەر ڕوونکردەوە.
لە بەشی چالاکیەکەدا، کە لەلایەن (Mr. Zhang Yimeng) پێشکەش کرا، تیایدا باسى لە گەشەکردنى سیستمى گواستنەوەی بار بە شەمەندەفەر لە وڵاتانى جیهان کرد و، تێیدا باس لە قۆناغەکانی پرۆسەی گواستنەوەی بار، سوودەکانی خزمەتگوزارییە لۆجستیکییە مۆدێرنەکان و، ڕۆڵی زیادبووی گواستنەوەی بار بە کۆنتێنەر لە پشتگیری بازرگانی نێودەوڵەتی و گەشەی ئابووری بەردەوام کرد. هەروەها، شیکارییەکی بەراوردکاری پێشکەش کرد لەسەر قەبارەی گواستنەوەی کۆنتێنەر بە شەمەندەفەر لە جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٥، کە تێیدا چین لە پلەی یەکەمدا هات.
هەر بە بەپێی ئەو ئامارانەی پیشان دران، چین نزیکەی ٥٢ ملیۆن تەن تۆمار کردووە، دوای ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ١٨ ملیۆن تەن، هیندستان ١٧ ملیۆن تەن، ڕووسیا ١٢ ملیۆن تەن، کەنەدا ٥ ملیۆن تەن، ژاپۆن ٥ ملیۆن تەن و ئەڵمانیا ٤ ملیۆن تەن. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ژمارانە گەشەی گەورەی چین لە بواری ژێرخانی شەمەندەفەر، سیستمە ژیرەکانی فرماندەیی و تۆڕە یەکگرتووەکانی لۆجستیک پیشان دەدەن، کە بوونەتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی چین لە زنجیرەکانی دابینکردن و بازرگانی جیهانی.



