مامۆستایانی بەشەکانی کارگێڕی کار و یاسا؛ سەردانی ناوەندی توێژینەوەی پەرەپێدانی پاندای گەورە لە کۆمارى میللى چین دەکەن
- Categories بەشی كارگێڕی كار, بەشی یاسا
- Date تەممووز 23, 2026
لە بەردەوامى سەردان و چالاکییە جۆراوجۆرەکانیان لە کۆماری میللی چین، ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتى (22/07/2026)، دکتۆر عمر زوبیر ظاهر، سەرۆکی بەشی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر لە بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی ناوەندی توێژینەوەی پەرەپێدانی پاندای گەورە (Chengdu Research Base of Giant Panda Breeding)یان کرد.
لە میانەى ئەم سەردانەدا، Ms. Hayley Qiuling، ئەندامی ستافی بەرنامەی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی، وەک ڕێبەری گەشت لەگەڵ بەشداربووان ئامادەبوو. بۆ ئەوەش سەرەتا زانیاریی تەواوی لەبارەى مێژوو و ئامانجەکانی ئەم ناوەندە پێشکەش کرد، پاشان تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی کۆمارى میللى چین بۆ پاراستنی پاندای گەورە و ئاژەڵە دەگمەنەکانی تر لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستی، بەرنامەکانی زاوزێکردن، پاراستنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی.
پاشان بەشداربووان بەشێوەیەکى مەیدانى بەشە جیاوازەکانی ناوەندەکەیان بەسەرکردەوە، کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی جیهان بۆ پاراستن، توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدانی ڕەچەڵەکی پاندای گەورە، لەوانەش پاندای گەورە و پاندای سور (Red Panda)، کە لە ژینگەیەکی گونجاویان بۆ دابینکراوە، بۆ ئەوەش زانیارییان لەبارەى شێوازی چاودێری و بەڕێوەبردنی ژیانی ئەم ئاژەڵانە، لەگەڵ بەرنامەکانی پاراستن و زاوزێکردنیان وەرگرت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا (Ms. Hayley Qiuling) ڕوونیکردەوە، کە بامبۆ (Bamboo) یەکێکە لە سەرەکیترین خواردنەکانی پاندای گەورە و پاندای سور، لەگەڵ هەندێک جۆری تری خواردن بەپێی پێداویستییەکانی هەر جۆرێک لە ئاژەڵ. هەروەها، بەشداربووان ئاشنا بوون بە شێوازی چاودێری پزیشکی و هەوڵەکانی ناوەندەکە بۆ پاراستنی تەندروستی و ژیانی ئەم ئاژەڵانە.
بەشێکى دیکەى گەشتە زانستیە مەیدانیەکە، ئاشناکردنى بەشدابووان بوو بە ڕۆڵی ناوەندەکە لە بەرەوپێشبردنی کەرتى گەشتیاری بەرپرسیارانە و، بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی. لەگەڵ ڕێنماییەکانی ناوەندەکە بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان و، دواتریش ڕێزگرتن لە یاساکانی پاراستنی ژینگە و لایەنى گەشتیاری.



