مامۆستایەکى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی بە سەردانێکی زانستی نەخۆشخانەی گەل (Peking University People’s Hospital) لە زانکۆی پەکین بەسەردەکاتەوە
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 13, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 10/08/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر، مامۆستا لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ نەخۆشخانەی گەل (Peking University People’s Hospital)ی سەر بە زانکۆی پەکین لە شاری پەکینی پایتەختی کۆماری میللی چین ئەنجام دا.
لە میانی ئەم سەردانەدا، مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى مەیدانى بەشە جیاوازەکانى نەخۆشخانەکەى لەگەڵ بەشداربووانى (خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی تایبەت بە پشکنین، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو) بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن ستاف و بەشە جیاوازەکانى نەخۆشخانەکە بەشداربووان بەشێوەیەکى ورد ئاشناى سیستمی کارکردن و ڕاهێنان لە نەخۆشخانەکە کران، هاوکات تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی کادری پەرستاری لە بەشی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون (OB/GYN) و ئاستی لێهاتوویی ئەکادیمی و پیشەییان.
هاوکات، بەشداربووان ئاشنای هەریەک لە پسپۆڕییەکانى چارەسەری ناوەوەی دەمار (Intravenous therapy)، تەکنەلۆژیای یارمەتیدەری زاوزێ (Assisted Reproductive Technology – ART)، مامانی، و پەرستاریی شێرپەنجەش کران. لە لایەکی دیکەوە، گرنگیی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژی پزیشکیی و بەدواداچوونی بارودۆخی نەخۆشەکان لە دوورەوە بەشێکى دیکەى سەردانەکەى پێکهێنا، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بەردەوامیی چاودێریی پزیشکیی هەبووە.
ئەم سەردانە مەیدانییە دەرفەتێکی گرنگی ڕەخساند بۆ تێگەیشتن لە چۆنییەتی تێکەڵکردنی چاودێریی کلینیکی لەگەڵ پەروەردە و ڕاهێنانی پیشەیی. لەبەر ڕۆشنایی ئەم ئەزموونانە، مامۆستایانی بەشداربوو ئاشنای نوێترین شێوازەکانی پەرەپێدانی کارامەییەکانی کادری تەندروستی بوون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی وردی تەندروستی زاوزێ و پشتیوانیکردنی دایکان.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ئاڵوگۆڕی زانیاریی و شارەزاییە زانستییەکان لەگەڵ پسپۆڕانی چینی ئەنجام درا و چەندین پێشنیاز بۆ بەهێزکردنی ئاستی ڕاهێنانی کلینیکی و گۆڕینەوەی کەلتورە پزیشکییەکان خرانە ڕو.



