مامۆستایەکى زانکۆى جیهان باس مەترسییەکانى سەر بانکى ناوەندى عێراقى دەکات
د.موفەق ئەحمەد عەلى مامۆستا لە بەشى زانستى دارایى و بانک لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە مەترسییەکانى سەر بانکى ناوەندى عێراقى دەکات، بەتایبەت ئەو مەترسى و هەڕەشانەى لەلایەن یەکێتى ئەوروپا دەکرێ.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە میانەى چاوپێکەوتنێکیدا کە تۆڕى میدیایى ڕوداو، لە ڕێکەوتى (٨/٢/٢٠٢١) لەگەڵیدا سازیکرد، تەوەرى بەرنامەکە تایبەت کرابوو بەو ئاگادارکردنەوانەى لەلایەن یەکێتی ئەوروپا ئاراستەى کراوە بۆ ئەوەى بخرێتە لیستى ڕەشەوە.
هەر لە میانەى بەرنامەکەدا گفتوگۆ لەبارەى ئەو ئاگاداریانە کرا و، بە مەترسیەک لە قەڵەمدرا، بەتایبەت ئاگادارییەکانى تایبەت بەکۆنتڕۆڵنەکردنى سپیکردنەوەى پارە.
بۆ ئەوەش د.موفەق ئەحمەد عەلى چەند پێشنیازێکى خستەڕوو بەتایبەت لە پیادەکردنى سیاسەتێکى نوێ بۆ چۆنیەتى چاودێریکردنى پڕۆسەکانى گواستنەوەى پارە لەناوە و دەرەوەى عێراق.
سپیکردنەوەى پارە یەکێکە لە کێشە هەر دیار و بەرچاوەکان، کە لەم ساڵانەى دوایی هەڕەشە و مەترسییەکى گەورەیان لەسەر ئابوورى عێراق دروستکردوە و، چەندین کێشە و گرفتى بۆ سندوقى دراوى نێودەوڵەتى و یەکێیتى ئەوروپا دروستکردوە.