مامۆستایەکی بەشى بایۆمیدیکاڵ بەسەرکەوتویی پڕۆگرامێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە بوارى تەندروستی لە چین تەواو دەکات
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date تەممووز 9, 2026
لە بەردەوامى پرۆگرامى گەشتەکەیدا بۆ وڵاتى چین و، لە دواین وێستگەى گەشتە زانستیەکەیدا، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٦/٧/٢٠٢٦) مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل مامۆستا لە بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر و شاندی بەشداربوو سەردانی “نەخۆشخانەی یەکەمی سیچوان بۆ پزیشکیی نەریتی”یان کرد.
لەوێ لەلایەن پزیشک و بەرپرسانى نەخۆشخانەکە لە نزیکەوە ئاشنای تەکنیکە جیاوازەکانی وەک دەرزی ئاژنین (Acupuncture)، مۆکسبۆشن (Moxibustion)، مەساجی پزیشکی و بەکارهێنانی دەرمانە ڕووەکییەکان بوون. بەشداربووان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کە شێوازی دەستنیشانکردنی خاڵە کاریگەرەکانی جەستە (Acupoints) و چۆنیەتی چارەسەرکردنی نەخۆشییە جەستەیی و دەمارگیرییەکان بە کردەیی ببینن و لەژێر سەرپەرشتی پسپۆڕاندا مەشقی لەسەر بکەن.
کۆتایی وێستگەى گەشتە زانستیەکەى مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریکردن بوو لە ئاهەنگێکی شایستە، کە لە شاری چێنگدووی وڵاتی چین بەڕێوەچوو و، تیایدا کۆتایی بە پڕۆگرامی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی “بنیاتنانی تواناکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە” هات.
لەو ئاهەنگەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٧/٧/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) لە بەشی بایۆمێدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک نوێنەری زانکۆ بەشدارییەکی کارای هەبوو. ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای تەندروستی پارێزگای سیچوان و شاندی نۆ وڵاتی جیاواز بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیستمی چاودێریی تەندروستیی جیهانی کرایەوە.
لە بەشێکی گرنگی چالاکییەکاندا، دکتۆر ئەفراسیاب مووسا یونس، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، سمینارێکی دەربارەی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و، تیایدا تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی وەزارەتی تەندروستی و پلانە ستراتیژییەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی سەرەتایی و گەیاندنی بە هەموو ناوچەکان، هاوکات ئاشنایەتییەکی وردی دەربارەی کەلتوور، دابونەریت و شوناسی نەتەوەیی گەلی کورد پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، کە بووە جێی سەرنج و پێزانینی شاندە نێودەوڵەتییەکان.
بەشێکی سەرەکیی پڕۆگرامەکە تەرخانکرابوو بۆ “پزیشکیی نەریتیی چینی (Traditional Chinese Medicine – TCM)” و چۆنیەتی ئاوێتەکردنی لەگەڵ سیستمی تەندروستیی مۆدێرن. لە سیمینارێکی زانستیدا کە لەلایەن دکتۆر (هۆ یاندان) پێشکەش کرا، باس لە فەلسەفەی ئەم جۆرە پزیشکییە کرا کە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی جەستە و مێشک و گونجان لەگەڵ سروشت دامەزراوە. ئامارەکان دەریانخست کە چین توانیویەتی ئەم پزیشکییە لە %٩٩ی سەنتەرە تەندروستییەکانی وڵاتەکەیدا پەیڕەو بکات، کە وەک ڕێگەیەکی کەم تێچوو و کاریگەر بۆ ڕێگری لە نەخۆشییەکان و پاراستنی تەندروستی گشتی بەکاردێت.
لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا، بڕوانامەی سەرکەوتن بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا. وەک هێمایەک بۆ هاوکاریی ئەکادیمی و کەلتووریش، مامۆستا هێرۆ ئیسماعیل قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆی جیهان-هەولێری پێشکەش بە (شو بین) سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکیی سیچوان کرد، هەروەها “ئەتڵەسی کوردستان”ی پێشکەش بە (ژانگ فێنگ) جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای سیچوان کرد. ئەم دەسپێشخەرییە وەک ڕێزگرتنێک بوو لە هەوڵەکانی وڵاتی چین بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی زانستیی نێودەوڵەتی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و چین.



