مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارى لە خولێکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی چین لەبارەى “بیناسازیی زیرەک” دەکات
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date تەممووز 1, 2026
لە بەردەوامى هاوکاریی ئەکادیمیی نێودەوڵەتیەکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستی و مەعریفى لە بوارە جیاوازەکان، مامۆستای یاریدەدەر لانا شەهاب ئەحمەد، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە خولێکی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی لە وڵاتی چین دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا؛ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٧/١)، دەستی بە پرۆگرامەکانى ئەم خولە زانستییە کرا، کە تایبەتە بە “پیشەسازیی بیناسازیی زیرەک بۆ وڵاتانی ڕێگەی ئاوریشم” (Intelligent Construction Industry for Belt and Road Countries) .
لەو پڕۆگرامە ڕاهێنانە نێودەوڵەتییەدا ٢٥ بەشداربوو لە وڵاتە جیاوازەکانی ناو پڕۆژەی جیهانیی “ڕێگەی ئاوریشم” کۆکراوەتەوە، کە تێیدا مامۆستاى یاریدەدەر لانا شەهاب مامۆستا لە بەشى تەلارسازى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشدارە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی مەعریفە و ئەزموون لە نوێترین پێشکەوتنەکانی بواری پیشەسازیی بیناسازیی زیرەکدا.
خولەکە چەندین تەوەری زانستیی پێشکەوتوو و سەردەمیانە لەخۆدەگرێت، لەوانە: بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (Artificial Intelligence – AI)، مۆدێلسازیی زانیارییەکانی بینا (Building Information Modeling – BIM)، تەکنەلۆژیای بیناسازیی زیرەک، گۆڕانکاریی دیجیتاڵی، ژێرخانی زیرەک و، بیناسازیی بەردەوام (Sustainable Construction).
بەرنامەی ئەم ڕاهێنانە نێودەوڵەتییە بە شێوازێکی کارلێکەر داڕژراوە و چەندین وانەی پسپۆڕی، وۆرکشۆپی تەکنیکی، گفتوگۆی ئەکادیمی و سەردانی مەیدانی لەخۆدەگرێت، کە هەموویان لە لایەن زانا و پسپۆڕە ناودارەکانی وڵاتی چین لە بواری پیشەسازیدا سەرپەرشتی دەکرێن.
ئەم بەشداریی و ئەزموونە نێودەوڵەتییەى مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامی خوێندنی ئەندازیاری و گواستنەوەی نوێترین زانیارییە تەکنەلۆژییەکان بۆ فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر تاوەکو بۆ بازاڕی کاری داهاتوو باشتر ئامادە بن.



