مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وڵاتی چین ئاشنای سیستمی زیرەکی ڕاهێنانەوەی پزیشکی و پەرەپێدانی سەرچاوە تەندروستییەکان دەبێت
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date حوزهیران 27, 2026
لە بەردەوامى پڕۆگرامی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی “بونیادنانی تواناکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو”، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) لە شاری تشنغدوی وڵاتی چین، بەشداری لە زنجیرەیەک چالاکى ئەکادیمیی پێشکەوتوودا کرد.
یەکەمین چالاکى ڕاهێنانەکە لە لایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و گەورە پزیشک (دکتۆر لی پان)، پسپۆڕی ڕاهێنانەوەی پزیشکی پێشکەش کرا، تێیدا تیشکی خستە سەر پڕۆژەی “سیستمی دەستنیشانکردنی پلەبەندی و بونیادنانی سەنتەری زیرەکی ڕاهێنانەوە ، لەم بەشەدا باس لە میکانیزمی گواستنەوەی سەرچاوە پزیشکییە کوالێتی بەرزەکان و دروستکردنی هەماهەنگى پزیشکی لە نێوان نەخۆشخانەکاندا کرا بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ گەیشتنی نەخۆش بە خزمەتگوزارییەکان. هەروەها داتا نوێیەکانی تۆڕی “پزیشکی لە دوورەوەی وڵاتی چین خرایە ڕوو، کە زیاتر لە ٣٦ پسپۆڕی و ٧٦٠ پزیشک لەخۆ دەگرێت و توانیویەتی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی بگەیەنێتە تەواوی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە، کە ئەمەش نیشانەی ڕۆڵی گەشەسەندووی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵییە لە کەرتی تەندروستیدا.
لە تەوەرێکی دیکەی ڕاهێنانە زانستیدا، دکتۆر (ژێنگ ژو) مامۆستا لە زانکۆی سیچوان، بابەتێکی دەربارەی “ستراتیژیی دابەشکردنی سەرچاوە پزیشکییەکان” پێشکەش کرد. بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە کە ئەم پلانە نیشتمانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانى وەک چڕیی دانیشتووان، کۆبوونەوەی سەرچاوەکان تەنها لە شارە گەورەکاندا و، درێژبوونی کاتی چاوەڕوانیی نەخۆش داڕژراوە. هەروەها تیشکی خستە سەر چوارچێوەی “پێگەیاندنی بەهرە پزیشکییەکان” کە لە ڕێگەی ڕاهێنانی نیشتەجێبوونی ستاندارد و پەرەپێدانی پیشەیی بەردەوامەوە ئەنجام دەدرێت تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە هەبوونی کادری پسپۆڕ و لێهاتوو.
ڕاهێنانەکان بە زنجیرەیەک گفتوگۆی کارلێکەر و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان فێرخوازان و پسپۆڕانی وڵاتانی جیاواز کۆتایی هات، ئەوەش بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ مامۆستاکەی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ئاشنابوون بە میتۆدە مۆدێرنەکانی بەڕێوەبردنی سیستمی تەندروستی لەو وڵاتە.



