مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە چین کۆلێژی فۆژو بۆ تەکنەلۆژیا و سۆفتوێر بەسەردەکاتەوە
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date تەممووز 9, 2026
لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ڕاهێنانی تایبەت بە پەرەپێدانی پیشەسازیی بیناسازیی زیرەک لە وڵاتی چین، ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتی ٧ی تەممووزی ٢٠٢٦، مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد) مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لە چوارچێوەى گەشتەکەیدا لە وڵاتى چین، گەشتێکی زانستی و مەیدانی بۆ “کۆلێژی فۆژو بۆ تەکنەلۆژیا و سۆفتوێر (Fuzhou Software Technology Vocational School)” ئەنجامدا.
ئەم سەردانە لەلایەن “پەیمانگەی فۆجین بۆ داهێنان و توێژینەوە (Fujian Innovation Research Institute)” ڕێکخرابوو. لە میانی ئەم سەردانەدا، مامۆستاى یاریدەدەر لانا شەهاب سەنتەری ژیریی دەستکردی (AI Center) کۆلێژەکەی بەسەرکردەوە و، لە نزیكەوە ئاشنای نوێترین تەکنەلۆژیا و کارپێکردنە پێشکەوتووەکان بوو لە بوارەکانی پەروەردە، ئەندازیاری و کەرتی بیناسازیی زیرەکدا. هاوکات بەشداری لە وانەیەکی پراکتیکیدا کرد دەربارەی “بەکارهێنانی ڕۆبۆتی زیرەک لە کارەکانی بیناسازیدا”، کە تێیدا مەشقی دەستی لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕۆبۆتەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە بیناسازییەکاندا پێشکەش کرا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی و هاندانی داهێنان لە کەرتی تەلارسازیدا. وانەکە لەلایەن خاتوو (Wu Jinaping) و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (Li Weina) پێشکەش کرا.
هەر لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی بەشە زانستییەکاندا، مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی بەشی “دیزاینی ناوخۆیی” کرد و لەوێ ئاشنای ئەو سۆفتوێر و تەکنەلۆژیا هاوچەرخانە بوو کە لە پڕۆسەی فێرکردن و دیزایندا بەکاردەهێنرێن. جگە لە لایەنە ئەندازیارییەکە، بایەخێکی تایبەتی بە هونەری “نموونەسازیی بە بڕینی کاغەز” دا، کە یەکێکە لە هونەرە کەلەپوورییە ڕەسەنەکانی چین و وەک سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش لە بواری دیزاین و تەلارسازیدا سوودی لێ دەبینرێت.
لە کۆتایی گەشتەکەدا، مامۆستا لانا شەهاب لەلایەن پڕۆفیسۆر (Chen Yan) لە بەشی ئەندازیاریی شارستانی پێشوازی لێکرا. لە کۆبوونەوەیەکدا، گفتوگۆ کرا دەربارەی ڕێگەکانی پتەوکردنی هاوکارییە ئەکادیمییەکان، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و ئەگەری ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوە و ڕاهێنانی هاوبەش لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و کۆلێژی فۆژو، بەتایبەت لە بوارەکانی ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای بیناسازیی زیرەکدا.



