
هیوا جەمال لە بەشی ڕاگەیاندن باسى لە شێوازەكانی پێشكەشكاریی مۆدێرن بۆ فێرخوازان کرد
- Categories بەشی راگەیاندن
- Date ئەیلوول 23, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێككەوتی 22-9-2026، بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، چالاکیەکى زانستیی بەناونیشانی (پێشکەشکاری مۆدێرن لە سەردەمی دیجیتاڵ و سۆشیال میدیادا) لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەبرد.
ناوەڕۆكی چالاکیەکە لەلایەن (هیوا جەمال)، میدیاكار و پێشكەشكار لە تۆڕی میدیایی ڕووداو پێشكەش بە فێرخوازانى فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشەكە كرا. لە دەستپێكدا، تیشكی خستە سەر بنەما سەرەكییەكانی كاری ڕاگەیاندن و جەختی لەسەر گرنگیی خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیركردن لە بوارە جیاوازەكاندا كردەوە وەك كۆڵەکەیەكی بنەڕەتی بۆ پێگەیاندنی پێشكەشكارێكی بەتوانا.
لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا، هیوا جەمال باسی لە شێوازە نوێیەكانی پێشكەشكاری كرد لە سەردەمی ئێستادا و، چۆنیەتیی ئاوێتەكردنی كاری تەلەڤزیۆنی و سۆشیال میدیای لەلایەن پێشكەشكارەوە شیكردەوە. هاوكات هێڵی ناوەڕاستی پێشكەشكردنی لە نێوان شاشەی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا دەستنیشان كرد، لەگەڵ باسكردن لە ستراتیژی میدیایی و جێكەوتە و كاریگەریی هەواڵ و زانیاری لەسەر وەرگر. پاشان دەرگای پرسیار و ڕاگۆڕینەوە بەڕووی فێرخوازاندا كرایەوە، تێیدا لە كەشێكی كراوە و زانستیدا گفتوگۆیەكی بەسوود لەسەر ئاڵنگارییەكانی كاری میدیایی ئەنجامدرا و، ناوبراو لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارەكانیانەوە ئەزموونی پیشەیی و پراكتیكیی خۆی لەگەڵ فێرخوازاندا ئاڵوگۆڕ كرد.
لەكۆتاییدا، لەلایەن مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)،سەرپەرشتیاری چالاكییەكە، بە ناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی (هیوا جەمال) كرا لە بەرامبەر پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی سیمینارەكە و بەخشینی كتێبی (بەرنامەی گفتوگۆ لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) وەك دیاریی بەسەر فێرخوازاندا.



