پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لەو فیرخوازانە کرد کە بۆ بەشداریکردن لە خولێکى پەرەپێدانى توانستى زمانى ئینگلیزى دەچنە بەریتانیا
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 24, 2026
لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و زمانیی فێرخوازان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٤/٦/٢٠٢٦) پێشوازی لە یەکەم گرووپی فێرخوازانی زانکۆکە کرد کە بڕیارە بۆ بەشداریکردن لە خولێکی پەرەپێدانی توانستەکانی زمانی ئینگلیزی و ئاشنابوون بە سیستمی خوێندنی باڵا، ڕوو لە وڵاتی بەریتانیا بکەن.
ڕێنماییە ستراتیژییەکانی سەرۆکی زانکۆ
ئەم گەشتە زانستییە کە ١٢ ڕۆژ دەخایەنێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی (International Foundation Group – IFG) ڕێکخراوە. لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ڕاگر و سەرۆک بەشەکان بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتەیەکى ئاراستەی فێرخوازان کرد و جەختی لەسەر پەرەپێدانی کارامەیی “بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە” (Critical Thinking) کردەوە. سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم خولە تەنها بۆ فێربوونی زمان نییە، بەڵکو دەرفەتێکە تاوەکو فێرخواز ببێتە خاوەن بڕیاری خۆی و تواناکانی پێشبخات. هەروەها ئامۆژگارىکردن سوود لە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد (AI) وەربگرن لە پسپۆڕییەکانیاندا، چونکە داهاتووی زانست پەیوەستە بەم بوارە مۆدێرنەوە.
فێرخواز وەک باڵوێزی نیشتمان
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر فێرخوازانی وەک “باڵیۆزی زانکۆ، کوردستان و عێراق” وەسف کرد و هانیدان وەک نموونەیەکی بەرزی ڕەوشتی و ئەخلاقی لە دەرەوەی وڵات دەربکەون. هەروەک جەختی لەسەر پاراستنی ڕەسەنایەتی و بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: “پێویستە پابەندی یاساکانی ئەو وڵاتە بن، بەڵام قەد ڕێگە نەدەن ئەو پەروەردە و دابونەریتە جوانەی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەکەتان فێری بوون لەدەستی بدەن.” لە کۆتاییدا، سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر فێرخوازانى ڕاسپارد دوای گەڕانەوەیان “پڕۆپۆزەڵ” ئامادە بکەن و ئەزموونەکانیان لە ڕێگەی وۆرکشۆپ و سیمینارەوە بۆ هاوڕێکانیان بگوازنەوە، جەختی کردەوە کە تەنانەت دوای دەرچوونیشیان وەک کادری زانکۆ دەمێننەوە و پەیوەندییان لەگەڵ بەشەکانیان بەردەوام دەبێت.



