
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لەو فێرخوازانە کرد، کە لە پۆڵندا کۆرسێکى خوێندن تەواو دەکەن
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئەیلوول 29, 2026
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆى سێ شەممە ڕێککەوتى ٢٩/٩/٢٠٢٦ پێشوازى لە فێرخوازان و کەسوکارى ئەو فێرخوازانە کرد، کە لە ڕۆژانى داهاتودا بەرەو پۆڵندا بەڕێدەکەون بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە.
لە میانەى دیدارێکدا، کە بە ئامادەبونى پرۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار عبدکەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا پیرۆزبایی لەو فێرخوازانە کرد، کە بۆ ئەم ڕاوندەى گەشتى وڵاتى پۆڵندا دەکەن و کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)لە پسپۆڕییەکانى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و (بایۆمیدیکاڵ) و (مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى) دەخوێنن.
بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕوو لەو فێرخوازانە کرد و وتى: بەهۆى ئەوەى ئێوە بونەتە کاندیدى زانکۆکەتان دەبێ شانازى بەخۆتان و کەس وکارتان و زانکۆکەتان بکەن و، هەمیشە ئەو متمانەیە بپارێزن، کە لەو پرۆسەیەدا بە ئێوە بەخشراوە، چونکە ئێوە لە نێو نزیکەى (٦٠٠٠) هەزار فێرخواز هەڵبژێردراون، ئەوەش لەسەر بنەماى زانینى زمانى ئینگلیزی، تواناى پەیوەندیکردن و کۆمەڵێک بنەماى زانستى و کارامەیی پیشەیی.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: کاتێک سەفەر دەکەن، ئێوە دەبن نوێنەرى خێزانەکەتان و زانکۆى جیهان-هەولێر و، کوردستان و عێراقیش بۆیە دەبێ پابەندى داب و نەریتەکانتان بن و دەستى پێوە بگرن، بەڵکو پێویست شانازى بە کەلتورەکەتانەوە بکەن، ڕونیشیکردەوە کە سود لەم دەرفەتە گەوەرەیە وەربگرن و لەماوەى مانەوەتان پەرە بە توانا و لێهاتویی کارامەییەکانتان بدەن و، بەدەستى پڕ بەرهەم بگەڕێنەوە، جەختى لەوەش کردەوە ئەم دەرفەتە ئەگەر بە سەرکەوتویی تەواوتان کرد، کۆمەڵێک دەرگاى دیکەتان بۆ دەکاتەوە تا بتوانن درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن و ماستەر و دکتۆراش بخوێنن، چونکە ئەو سیستمەى زانکۆى جیهان-هەولێر پەیڕەوەى لێ دەکات، هەمان سیستمە کە لە زانکۆ پێشکەوتووەکان دەخوێندرێ.
لە بەشى کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر فێرخوازانى ڕاسپارد لە ماوەى مانەوەیان لە پۆڵندا لە پەیوەندى بەردەوامدا بن لەگەڵ زیاد ڕەئوف نوێنەرەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وارشۆ و، باڵیۆزخانەى عێراقى فیدراڵ لەهەمان وڵات، لەسەر ئاستى زانکۆى جیهان-هەولێر دەبێ لەگەڵ سەرۆکى بەشەکانیان لە پەیوەندى بەردەوامدا بن و، چالاکى جۆراوجۆریش ئەنجام بدەن.
هەر لەو دیدارەدا، ئەو فێرخوازانەش ئامادەبوون، کە لە کۆرسى دووەمى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٥-٢٠٢٦) کۆرسێکى خوێندنیان لە هەریەک لە زانکۆى “وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (Warsaw University of Life Sciences)” و زانکۆی وۆچ (University of Lodz) بەسەرکەوتویی تەواو کردبوو، بۆ ئەوەش سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیرۆزبایی لەو فێرخوازانە کرد و، ڕایسپاردن ئەزمونەکانیان لەگەڵ هاوپۆلەکانیان هاوبەش بکەن و دەسکەوتەکانیان پیشانى فێرخوازان بدەن.
زانکۆى جیهان-هەولێر تا ئێستا لەگەڵ ۹ زانکۆی پۆڵەندی ڕێککەوتنامەى لێکتێگەیشتنى هەیە، هاوکات لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێککەوتنامانەدا تا ئێستا زیاتر لە (٨٠) فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر توانیویان بەسەرکەتوویی کۆرسى خوێندن لەو وڵاتە تەواو بکەن، لە ئێستاشدا وەک ئەوەى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاماژەى بۆ کرد لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا لە گفتوگۆى بەردەوامن بۆ ئەوەى ساڵى داهاتوو ژمارەیەک لەو فێرخوازانەى کۆرسی خوێندنیان لەو وڵاتە تەواو کردوە دەرفەتى خوێندنى ماستەریان بۆ بڕخسێندرێ.



