پەیامی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئاب 31, 2026
بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پەیامێکى ئاراستەی فێرخوازان و، مامۆستایان کرد، ئەمەش دەقەکەیەتى:
بەناوى خوداى گەورە و میهرەبان
بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 لە ڕێککەوتی 01/09/2026، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم فێرخوازانی خۆشەویست، مامۆستایانی بەڕێز و فەرمانبەرانی دڵسۆزی زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەم.
هەر بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی تایبەت لەو فێرخوازانە دەکەم، کە ئەمساڵ لە قۆناغێکی نوێی خوێندن و ژیانیان لە زانکۆ دەستپێدەکەنەوە و، پەرە بە بەدەستهێنانی زانست و کارامەییەکانیان دەدەن.
دەمەوێ ئەوەشتان پێ ڕابگەێنم، کە لەم ساڵى نوێی خوێندنەدا، لە زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەکارى تەواومان بۆ تێکەڵکردنی نوێترین تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد (AI) لە هەموو بوارەکانی خوێندندا کردوە. ئامانجمان لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە، کە هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئاستی زانستیی فێرخوازانمان بەرز بکەینەوە و ئاشنایان بکەین بەو داهێنانە تەکنەلۆژییانەی کە لە جیهانی مۆدێرندا پەیڕەو دەکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش، زانکۆمان هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی ئەنجام داوە و سەرجەم پێداویستییەکانی ژێرخانی زانستیی و تاقیگەیی بۆ فێرخوازان و مامۆستایان دابین کردووە، تا لە ژینگەیەکی پێشکەوتوودا درێژە بە پرۆسەی فێربوون بدەن.
لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە وەک سەرۆکى زانکۆ، هەموو پاڵپشتیی و پشتیوانییەکی خۆمان بۆ ئێوە دوپات دەکەینەوە، تا ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، لە ژینگەیەکی ئەکادیمیی و زانستى و کۆمەڵایەتیی شایستەدا بە سەرکەوتوویی و بە ئاستێکی زانستیی باڵا قۆناغەکانی خوێندن ببڕن، چونکە ئامانجی ئێمە تەنها گەیاندنی زانیاریی نییە، بەڵکو دابینکردنی سیستمێکی فێربوونە کە تێیدا داهێنان و لێهاتووییەکانتان گەشە پێ بدەن.
بۆیە هانی فێرخوازان دەدەم ئەم ساڵ وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ گۆڕینی کەلتور و ئاستی مەعریفی خۆیان بەکاربهێنن و، مامۆستایانیش وەک هەمیشە پێشەنگ بن لە بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.
دووبارە ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و، هیوای دواڕۆژێکی گەش و سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەمووان دەخوازم.
پرۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر



