ئەرک و گەرەنتی پەیامنێر لە کاتی ڕوماڵکردنی شەڕ و قەیرانەکان
ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ڕێکەوتى (12 و 13ی تشرینی یەکەمی 2022)، بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێکی بەناونیشانی (ئەرک و گرەنتی پەیامنێر لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕ و قەیرانەکان) لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بەڕێوەبرد.
وۆركشۆپەكە دوو تەوەرى سەرەکى لەخۆ گرتبوو، لەو چوارچێوەیەدا، سەرەتا دكتۆر هەیسەم هادی نەعمان، مامۆستای راگەیاندن و ڕای گشتی لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان ـ هەولێر، بابەتێکى بەناونیشانى پێداچوونەوە بە مێژووی پەیامنێری جەنگ پێشکەش كرد، بۆ ئەوەش باسى لە ئەرکە دیار و گرنگەکانی ئەو پەیامنێرانە کرد، کە لە کاتی جەنگ و ململانێکان لەسەر ئاستى وڵاتانى جیهان گێڕاویانە.
پاشان ئەحمەد ئەلحەمدانی بەڕێوەبەری نووسینگەی کەناڵى ئەلعەرەبیە (العربیة) و پەیامنێری تەلەفزیۆنی ئەلحەدەس (الحدث) باسى لە ئەزموونە مەیدانییەکانى خۆى کرد، کە لە ماوەی کارکردنیدا وەک پەیامنێری جەنگ لە زۆربەى شەڕ و ململانێکان هەیبوو، هەروەها باسى لە گرنگی پابەندبوون بە یاسا بنەڕەتییەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕووماڵکردنی جەنگەکان کرد، وتیشى ژیانی پەیامنێری جەنگ لەلایەن دامەزراوە میدیاییەکان بە گرنگتر دادەنرێت لەوەی هیچ هەواڵێک ڕوماڵ نەکردوە.
لە ڕۆژی دووەم وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستای یاریدەدەرەوە عەبیر مەحمود جەبار، بابەتێکى بەناونیشانى “تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی مەترسییەکانی سەر کاری پەیامنێری جەنگ و گرنگترین سیفەتەکانى) پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش وتى: پێویستە پەیامنێری جەنگ خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندى گرنگ بێت، بەپێچەوانەوە پەیامنێرانی جەنگ لە کاتی کارکردنیاندا گیانی لەدەست دەدات.
دواتر مامۆستا لەیلا عیسا ئەبو ئەلقاسم مامۆستا لە بەشى یاساى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە ڕوانگەیەکى یاسایەوە پێداچوونەوەی بە گرنگترین گەرەنتیە یاساییە کارپێکراوەکان بۆ رۆژنامەنووس لە کاتى شەڕ و ململانیەکان كرد، بۆ ئەوەش ئاماژەی بە گرنگترین یاسا نێودەوڵەتییەكان كرد كە گەرەنتی پاراستنى ژیانى رۆژنامەنووس دوپات دەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەش بەوردى باسى ئەو رێكارانە کرد، كە گەرەنتی پاراستنی یاسایی ڕۆژنامەنوس و پەیامنێران دوپات دەكەنەوە.
لە ماوەی دوو ڕۆژی وۆرک شۆپەکەدا، دواى پێشکەشکردنى بابەتەکان لەلایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەى جیاواز لەبارەى تەوەرى وۆرکشۆپەکە خرانەڕوو.