
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بەشداریی لە پڕۆژەیەکی خۆبەخشانە بۆ کۆکردنەوەی کتێب و پشتیوانی لە خوێندنەوە دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 7, 2026
دوو فێرخوازی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە پڕۆژەیەکی خۆبەخشانە کرد، کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی کتێب بۆ کتێبخانەیەکى گەڕۆک و هاندانی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ خوێندنەوە.
ئەم دەستپێشخەرییە بە پشتیوانی ئەکادیمیای گەنجانی عەرەبی ـ ئەڵمانی بۆ زانست و زانستە مرۆییەکان (AGYA) بەڕێوەدەچێت. لەو چوارچێوەیەدا هەریەک لە یوسف ئەحمەد خضیر و عەبدوڵا ئەمجەد ناسر، فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن، بەشدارییان لەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشانەدا کرد.
دەستپێشخەرییەکە بە درووشمی «کتێبەکان تاریکی ڕووناک دەکەنەوە» بەڕێوەدەچێت، کە لە میانەیدا فێرخوازان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی کۆکردنەوەی کتێب و دابینکردنیان بۆ کتێبخانەی گەڕۆک، دەرفەتی خوێندنەوە و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە خوێنەران بڕەخسێنێت.
ئەم دەستپێشخەرییە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە هەر کتێبێکی بەخشراو تەنها کتێبێک نییە، بەڵکو دەرفەتێکی نوێی فێربوون، سەرچاوەیەکی زانیاری و هیوایەکە بۆ کەسێکی دیکە. هەروەها، پڕۆژەکە گرنگی بە بەهێزکردنی ڕۆحی خۆبەخشی و هاوکاریی کۆمەڵایەتی دەدات و، هەوڵ دەدات کەلتوری خوێندنەوە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا پەرەپێبدات. لەگەڵ ئەوەشدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی عێراقی، سەرەڕای ئەو قەیران و ئاستەنگانەی بە درێژایی مێژوو ڕوبەڕوی بووەتەوە، هێشتا باوەڕی بە گرنگیی پەروەردە، زانست و خوێندنەوە هەیە.



