ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر پتەو دەکەن
بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى نێوانیان و ئەنجامدانى کارى پێکەوەیی، شاندێکى ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان گەیشتە زانکۆى جیهان-هەولێر.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٢/٣/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئاریانا شێخ خالص بەرزنجی سەرۆکى ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان بەسەرۆکایەتى شاندێک گەیشتە زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەگەرمى لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەجیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى هەماهەنگى و هاوکارى نێوان هەردوو دامەزراوەکە لە بوارى زانستى بەگشتى و بوارى پزیشکى بەتایبەت کرا، هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان ڕایگەیاند: لە چەند مانگى داهاتوودا بەچاودێرى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و بەبەشدارى چەندین دامەزراوەى زانستى و ئەکادیمى نێوەدەوڵەتى و هەرێمایەتى و ناوخۆیی بەڕێوەدەچێ، وتیشى لەو کۆنفرانسەدا تاوتوێى گرفتە تەندروستیەکان لە سێکتەرى گشتى و تایبەت لە هەرێمى کوردستان دەکرێ، بۆ ئەو مەبەستەش داواى کرد زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ و خاوەن پێگەیەکى دیار بەشدارى لەو کۆنفرانسەدا بکەن و ڕۆڵێکى کارا بگێڕن.
لە بەرامبەردا؛ هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و، دکتۆر نەوزاد یەجیا باجگر بەجیا دواى بەخێرهێنانى سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان، بەگرنگیەوە باسیان لە بەستنى کۆنفرانسێکى بوارى تەندروستى کرد، هەروەک ئامادەیی زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرجەم دامەزراوە زانستیەکانى گروپى جیهانیان بۆ پاڵپشتیکردن و سەرخستنى ئەو کۆنفرانسە لە ڕووى لۆجیستى و زانستى دوپاتکردەوە.
لە تەوەڕێکى دیکەى ئەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى زانستى بەڕێوەچوو، گفتوگۆیان لەبارەى چەند بابەتێکى زانستى و پزیشکى هاوبەشکرد، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بیروڕا و پێشنیازى جیاجیان بۆ بەهێزکردنى پردى پەیوەندى زانستى نێوانیان خستەڕوو.