بڕوانامەی خولی فریاگوزاری سەرەتایی بەسەر فێرخوازانى بەشە پزیشکیەکان دابەشکرا
لە بەردەوامى کار و چالاکیە جۆراوجۆرەکانى بەشی نیوتریشن ودایەتێتکس لە زانکۆی جیھان-هەولێر، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا دوو خولى فریاگوزارى سەرەتایی بۆ فێرخوازانى بەشە پزیشکیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کردەوە، لە کۆتایشدا لە مەراسیمێکدا بڕوانامەى بەشداریکردن بەسەر بەشداربواندا دابەشکرا.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٩/٥/٢٠٢٢) بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار کەریم سەعید یاریدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و، دکتۆر ئاسۆ حەمید نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و، مامۆستا ئاری محمد و مامۆستا رزگار عبدالرزاق ڕاهێنەرانی خولەکە بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا چەند وتەیەک پێشکەشکرا.
لەو بارەیەوە دکتۆر ساڵح زێبارى سەرۆکى بەشى نیوتریشن ودایەتێتکس لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان بەگرنگیەوە باسى لە ڕاهێنانى فێرخوازانى بەشە پزیشکیەکان بەتایبەت و هاوڵاتیان بەشێوەیەکى گشتى لەسەر فریاگوزارى سەرەتاییکرد، بۆ ئەوەش سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆ و وەزارەتى تەندروستى کرد بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى تەواو بۆ کردنەوەى خولەکە.
پاشان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا سەرۆکى زانکۆ ڕایگەیاند: ڕاهێنانى فێرخوازان لە بوارە جیاکان یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانى زانکۆ بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار بۆ دوا ڕۆژ، بۆ ئەوەش بەبایەخەوە باسی لە هەماهەنگی نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و وەزارەتی تەندروستی کرد، هەروەک جەختی لە بەردەوام بوونی کردنەوە ئەو جۆرە خولانە کردەوە.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، دکتۆر ئاسۆ حەمیدو نوێنەری وەزارەتی تەندروستی لە ووتەکەیدا ئاماژەی بە هەمان خاڵ کرد و پاڵپشتی وەزارەتی تەندروستی دووپاتکردەوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن و گشت چینەکانی تری کۆمەڵگە، لەهەمانکاتدا سوپاسی مامۆستایانی سەرپەرشتیاری بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆی جیهان کرد بۆ گرنگیدانیان بەفێرخوازان بەتایبەت و کۆمەڵگە بە گشتی.
لە کۆتایى مەراسیمەدا، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، لەلایەن سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و یاریدەدەرانى و، نوێنەرى وەزارەتى تەندروستى و مامۆستایانى ڕاهێنەر بڕوانامەى بەشداریکردن بەسەر یەک یەکەى بەشداربواندا دابەش کرا و، پیرۆزبایانیش لێکرا.
لەو دوو خولەدا، کە بەپاڵپشتى سەرۆکایەتى زانکۆ و، بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی فریاگوزاری وهاوکاری مرۆیی بەڕێوەچوو، تیایدا (٤٢) فێرخواز لەسەرجەم بەشە پزیشکیەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریان کرد، هەریەک لە خولەکان بۆ ماوەى پێنچ ڕۆژ بەردەوام بوون و، ڕۆژانە وانەکان بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى ڕاهێنان بەبەشداربوان دەکرا.