بەهاوکارى زانکۆى جیهان-هەولێر، فێرخوازێکى خوێندنى باڵاى پۆڵندى (سەربەخۆیی کوردستان) دەکاتە ناونیشانى تێزى دکتۆراکەى
فێرخوازێکى خوێندنى باڵا لە پۆڵندا، تێزى دکتۆراکەى تایبەت کردوە بەسەربەخۆیی کوردستان، زانکۆى جیهان-هەولێر هاوکارى و پاڵپشتى تەواوى دەکات بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەکەى لە کوردستان.
ئادریان چارنێکا، کە فێرخوازى دکتۆرایە لە فاکەڵتی زانستە سیاسییەکان و توێژینەوەکانی ئاسایش لە زانکۆى نیکۆلاوس کۆپەرنیکۆس لە شارى (ToRUŃ)ى پۆڵندا، ئەو لە ئێستادا لە پرۆسەی نووسینی تێزی دکتۆراکەیەتى، کە تایبەت بەسەربەخۆیى کوردستانە بە ناونیشانی (Kurdish Independence Capital in the Middle East).
ئەو فێرخوازە بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەکەى بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە پێویستى بەهاوکارى و پاڵپشتى لە هەر چوار پارچەى کوردستان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەردەوامى هەماهەنگى و هاوکارییە زانستیەکانى لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتوەکانى وڵاتانى جیهان و پۆڵندا بەتایبەت لەلایەک و، وەک ئەرکێکى نیشتیمانى لەلایەکى دیکە میوانداریکردنى ئەو فێرخوازەکەى پەسند کرد و هەموو کارئاسانى و پاڵپشتیەکى زانستى و لۆجیستى بۆ دوپاتکردەوە.
واش بڕیارە لە ماوەى مانەوەى لە هەرێمى کوردستان لە ڕێکەوتى (23/5 تا 3/6 /2022) بەهاوکارى زانکۆى جیهان-هەولێر بەوردى کار لەسەر ئەنجامدانى توێژینەوەکەى بکات، بۆ ئەو مەبەستەش زانکۆى جیهان-هەولێر داوا لە فێرخوازان و مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى گشتى دەکات لە ڕێگەى ئەم بەستەرە (Survey for PhD research Kurdish Independence (google.com)) بەشدارى لە فۆرمى ڕاپرسى تایبەت بەتوێژینەوەکەى بکەن و، وەڵامى پرسیارەکانى بدەنەوە.