بەشى بایۆلۆجى پزیشکى ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ سێنتەرێکى پزیشکى واژوو دەکات
بەمەبەستى پەرەپێدان بەلایەنى زانستى و پراکتیکى و، سوود وەرگرتن لە ئەزمون و خزمەتگوزارییە پزیشکیەکان، سەرۆکایەتى بەشى بایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتننامەیەکى لەگەڵ سێنتەرى میدیای پزیشکى واژوو کرد.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٧/١٠/٢٠٢١) و، بەمەبەستى گۆڕینەوەى بیروڕا و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى پزیشکى، ڕێککەوتنامەیەک لە نێوان دکتۆر عەلى محمد حسین سەرۆکى بەشى بایۆلۆجى پزیشکى و، سارا عەلى نوێنەرى سێنتەرى میدیای پزیشکى واژوو کرا.
وەک لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە سێنتەرى میدیاى پزیشکى داشکاندنى تایبەت بەپشکنینى تاقیگەیی بۆ مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات، لەهەمانکاتدا سێنتەرەکە خولى ڕاهێنان و چۆنیەتى پراکیتزەکردنى زانستە پزیشکییەکان بۆ فێرخوازانى بەشى بایۆلۆجى پزیشکى دەکاتەوە، هەروەک بەپێى خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتننامەکە بەشى بایلۆجى پزیشکى و سێنتەرى میدیاى پزیشکى چەندین چالاکى زانستى لە بوارە جیاکان پێکەوە ڕێکدەخەن، هاوکات بەشى بایۆلۆجى پزیشکى ژینگەیەکى لەبار و تەندروست بۆ چالاکیەکانى سێنتەرى میدیاى پزیشکى دەستەبەر دەکات.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى کوردستان، چەندین ڕێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنى لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و زانکۆ پێشکەوتووەکانى وڵاتانى جیهان هەیە، لەسەر ئاستى بەشەکانیش چەندین ڕێککەوتنامەى جۆراوجۆرى هەیە، واژووکردنى ئەم رێککەوتننامەیەش دەچێتە چوارچێوەى سیاسەتى گشتى و زانستى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ فروانکردنى بازنەى پەیوەندییەکان و، پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار و پڕ زانست بەژینگەى کار و چۆنیەتى کارکردنیان لە داهاتوودا.