بەشى ڕاگەیاندن خولێکى پراکتیکى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى بەڕێوەبرد
بەمەبەستى سودوەرگرتن لە ئەزمونى دامەزراوە جیاکان و، ئاشناکردنى فێرخوازان بەژینگەى کارکردن، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى پراکتیکى بۆ ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
لە خولەکەدا، کە بۆ ماوەى چوار ڕۆژ (٢٠-٢٣/٢/٢٠٢٣) بەردەوام بو و، لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچو، (٢٥) فێرخواز لە قۆناغە جیاکان بەشداریان تێدا کرد، خولەکە لەلایەن (دکتۆر ریاض العدلی) ڕاهێنەری پێشکەشکردنی تەلەفزیۆنی و، (عەلا الجبوری) شارەزای دەنگ و پێشکەشکردن لە (پەیمانگەی ڕاهێنانی ڕاگەیاندنی یەکێتی عەرەبی بۆ ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی لە هەولێر) بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنانیان بە فێرخوازان کرد.
لەماوەى ڕۆژانى بەڕێوەچونى خولەکەدا، فێرخوازان دواى ئاشناى کاری تەلەڤزیۆن کران، ئینجا ڕاهێنانیان لەم بوارەنەدا پێکرا (چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ خوێندنەوەى ڕاستەوخۆ و تۆمارکردنى دەنگەکانی دەوروبەر، سەلامەتی زمان و دەربڕین و ڕۆڵی پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی لە (ناوەڕۆک، نمایش، دەرکەوتن) لەسەر شاشە، شکاندنی بەربەستی ترس و لێهاتوویی و وەستان لەبەردەم کامێرا، شارەزایی لە دیالۆگ و بێلایەنی لە پرسیارکردن، کۆنترۆڵکردنی زمانی جەستە و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان، پەیوەندی پێشکەشکاری بەرنامە و بێژەری هەواڵ لەگەڵ تیمی کار.
خولەکە دەرفەتى باشى بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا لە پاڵ وانە جیاوازەکانى خوێندنى زانکۆیی سوود لە ئەزمونى شارەزایان وەربگرن بۆ داڕشتنى نەخشەڕێى کارى داهاتویان و چۆنیەتى زاڵبون بەسەر بەربەست و ئاستەنگیەکان.
لە کۆتایدا، مامۆستاى یاریدەدەر عەبیر مەحمود سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و دەستخۆشى لە ڕاهێنەران و (پەیمانگەی ڕاهێنانی ڕاگەیاندنی یەکێتی عەرەبی بۆ ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی لە هەولێر) کرد بۆ هەماهەنگى و هاوکاریان لەگەڵ بەشى ڕاگەیاندن، هەروەک جەختى لە گرنگى ئەم جۆرە هەماهەنگى و هاوکاریە کردەوە لە پێناو پێگەیاندنى فێرخواز و ڕاگەیاندنکارێکى کارامە بۆ داهاتوو، لەهەمان کاتدا پیرۆزبایی لە فێرخوازانى بەشداربوو کرد و، هیواى خواست ئەم خولە دەرفەتێکى باش بوبێت تا لە نزیکەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بوارانەى میدیا بکەن، کە ئارەزوى دەکەن لە داهاتودا کارى لەسەر بکەن.