بەشى کارگێڕى کار گەشتێکى بۆ منداڵانى چاودێرى کۆمەڵایەتى ڕێکخست
لە بەردەوامى کارە خۆبەخشەکانى سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار، کە بۆ چین و توێژە جیاکانى بەڕێوەى دەبات، گەشتێکى بۆ منداڵانى چاودێرى کۆمەڵایەتى هەولێر ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٧/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى دکتۆرهاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر، گەشتێکى زانستى و خۆشى بۆ منداڵانى بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى کۆمەڵایەتى هەولێر بۆ باخچەى ئاژەڵانى هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، منداڵانى بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى کۆمەڵایەتى هەولێر سەرجەم بەشەکانى باخچەکەیان بەسەرکردەوە، هاوکات لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکان و لە نزیکەوە ئاشنابوون و بینینى ئاژەڵە جۆراوجۆرەکان، منداڵان چێژێکى تایبەتیان لە دیمەنە جوان و سەرەنجڕاکێشەکانى سروشتیش ورگرت و کاتێکى خۆشیان بردە سەر.
ئەو گەشتە، کە بەسەرپەرشتى ڕاستەوخۆى مامۆستای یاریدەدەر بوشرى عەلى و، بەئامادەبونى مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد سابر جامى و، بەبەشدارى ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشەکە بەڕێوەچوو، سەرجەم منداڵانى بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى کۆمەڵایەتى کە تەمەنیان لە نێوان (٤-١٦) ساڵیدایە لێى سودمەند بوون و، بووە مایەى خۆشحاڵیان.