بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکى فراوانى بۆ پاراستن و بەفیڕۆنەدانى ئاو بەڕێوەبرد
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (5/2/2025)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری گشتی بۆ پاراستن و بەفیڕۆنەدانى ئاو بەڕێوەبرد. ئامانجی چالاکیەکە بڵاوکردنەوەى هۆشیاری لە نێو کۆمەڵگە بوو سەبارەت بە شێوازەکان و چۆنیەتى بەکارهێنانی ئاو لە کاتى پێویستدا.
بۆ ئەو مەبەستەش ستافى زانستى بەشەکە و فێرخوازان سەرەتا کۆمەڵێک پرۆشەریان بە ناونیشانى (پاراستنى ئاو، پاراستنى هەسارەیە، هەر دڵۆپێک ئاو ئەژمار دەکرێت) ئامادە و چاپکرد، کە کۆمەڵێک زانیارى گرنگى لەبارەى ئاو، پاراستنی ئاو، داتای پاراستنى ئاو و چەندین زانیارى دیکەى لە خۆگرتبوو، وەک بەفێرۆدانى دڵۆپێک ئاو یەکسانە بە ٢٠ گاڵۆن ئاو لە ڕۆژێکدا. جگە لەوەش، کۆمەڵێک زانیارى دیکەى گرنگى لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنان و مامەڵەکردنى لەگەڵ ئاو لە ماڵەکاندا لەخۆگرتبوو، لەوانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو لە کاتی خاوێنەکردنەوەى (ددان، قاپشۆردن و خاوێنکردنەوەى کەلوپەل و پێداویستیەکانى ڕۆژانە)…هتد.
لە وێستگەیەکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، کە بەچاودێرى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود بەڕێوەچوو و، مامۆستا هێڤى محمد قادر سەرپەرشتى دەکرد، لەگەڵ کۆمەڵێک لە فێرخوازانى بەشەکە سەردانى گەڕەکى کوردستان (حى عەسکەرى) لە شارى هەولێریان کرد و، پرۆشۆرەکانی هۆشیارییان بەسەر دانیشتوانی گەڕەکەکە دابەش کرد و، بەسەر ماڵ و دوکاندار و ڕێبوارانى گەڕەکەکەدا دابەشکرد و، هانى هاوڵاتیانیاندا بەشێوەیەکى هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئاو بکەن، چونکە ئاو سەرچاوەى ژیانە.