بەشی یاسا دادگایەكی گریمانەیی كارگێڕی بۆ فێرخوازەکانى بەڕێوەبرد
بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر اسماعیل رسول بابكر، سەرۆکایەتى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر دادگایەکى کارگێڕى گریمانەیی بۆ فێرخوازەکانى بەڕێوەبرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (1/12/2021) لە هۆڵی دادگای نمونەیی لە بەشی یاساى زانكۆی جیهان- هەولێر دادگە كارگێڕی گریمانەیەکە بەڕێوەچوو، لە میانەى بەڕێوەبردنى دادگایەکەدا فێرخوازان ئاشناى لایەنی كرداری چۆنیەتى بەڕێوچوونى دادگای كارگێڕی بوون، لەهەمانکاتدا ئاشناى پێكهاتەی ئەو دادگایە و كارەكانی و، چۆنیەتی بەرزكردنەوەی داوای كارگێڕی و مەرجەكانی وەرگرتنی داواكە لەلایەن دادگا کران، چۆنیەتی ستەمبینی لە بڕیاری كارگێڕی و داوای هەڵوەشاندنەوەی بەهۆی ناڕەوایەتی و بەرەوڕووكردنی هاودژی لە داوادا بەشێکى دیکەى ئامانجى ڕێکخستنى دادگا گریمانەیەکە بوو.
مەبەست لە دادگای گریمانەیی ڕاهێنان و ئامادەكردنی فێرخوازانە بەشێوەیەکى پراکتیکى تا دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى زانکۆ لە بەشی یاسا بەسەرکەوتوویی بتوانن کارەکانیان بەباشترین شێوە بەڕێوەبەرن، لە كۆتاییدا مامۆستای سەرپەرشتیار هانی فێرخوازانی دا لەسەر كاركردن لە بواری كرداریدا بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی توانایان لەڕووی خودی و زانستی و پیشەیی.