بەشی یاسا وۆرکشۆپێکى لەبارەى سیستەمی هەڵبژاردن لە عێڕاق بەڕێوەبرد
سەرۆکایەتى بەشی یاسا لە كۆلێژی یاسا و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی زانكۆی جیهان-هەولێر، لە ڕۆژانى (٢٩-٣٠/١١/٢٠٢١) وۆڕك شۆپێك بەناونیشانی (بنچینەی یاسایی سیستەمی هەڵبژاردن لە عێڕاق) بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە لە هۆڵى () زانکۆ بەڕێوەچوو و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و فێرخوازان و، توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکە ئامادەیبوون، لە ڕێگەى چەند تەوەڕێکەوە گفتوگۆ لەبارەى ناوەڕۆکى بابەتەکە کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە ڕۆژى یەکەمدا دکتۆر هەمزە کاکەشین بابەتێکى لەبارەى مێژووى هەڵبژاردنەکان لە عێراق پێشکەشکرد، دواتر دکتۆر ئیبراهیم ئەحمەد سامڕایی باسى لە یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق کرد، لە کۆتایى یەکەم ڕۆژدا مامۆستاى یاریدەدەر عومەر زوبێر زاهیر باسى لە یاساى حزبە سیاسیەکان لە عێراق کرد.
لە ڕۆژى دووەمى وۆرکشۆپەکەشدا، چەند بابەتێکى دیکەش پێشکەشکران، بۆ ئەو مەبەستە دکتۆر یونس سەڵاح باسى لە پابەندبوونى مافە مەدەنى و سیاسیەکان لە یاساى هەڵبژاردنەکان کرد، هەرچى مامۆستاى یاریدەدەر لەیلى عیسا ئەبو قاسم بوو باسى هەڵبژاردنى پێشوەختە و داواکارى خەڵک کرد، لە کۆتایشدا، مامۆستاى یاریدەدەر ئیسماعیل ڕەسول باسى لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن و کاریگەرى لەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق کرد.
بەشێوەیەکى گشتى لە وۆرکشۆپەکەدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە بەوردى باس لەو پێوەرانە کرا، كە پشتیان پێدەبەسترێت بۆ داڕشتنی سیستەمی هەڵبژاردن و، گونجاوی یاسای حیزبەكان لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن و، كاریگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر پێكهێنانی حكومەت، هۆكارەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان و، لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
وە لە كۆتایی پێشكەشكردنی هەر بابەتێكیشدا، لە لایەن مامۆستایان و ئامادەبووان و فێرخوازان، بابەتەكانیان بە ڕاو سەرنج و پرسیار دەوڵەمەندتر كران.