فێرخوازانى بەشى پەيوەندييه نێودەوڵەتی و دبلۆماسيەكان لەگەڵ كونسڵى كوەیت کۆبونەوە
لەدرێژەی چالاكییە رۆشنبیرییەكانی بەشی پەيوەندييه نێودەوڵەتی ودبلۆماسيەكان بۆ فێرخوازانی بەشەكە، فێرخوازانی قۆناخی چوارەم، بەسەرپەرشتی (دکتۆر هاوژین عومەر)، رۆژی چوارشەمە، ڕێکەوتى 1-12-2021، سەردانی كونسڵگەرى وڵاتی كوەیتییان لە شارى هەولێر کرد.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، مامۆستا و فێرخوازانى بەشى پەيوەندييه نێودەوڵەتی ودبلۆماسيەكان لەلایەن (عومەر ئەلكیندەری) كونسڵی كوەیت لە هەرێمى کوردستان پێشوازیان لێکرا.
لەمیانی دیدارێکدا دکتۆر هاوژین عومەر کورتەیەکى لەبارەى زانكۆی جیهان- هەولێر و كۆلێژ و پسپۆڕییەتییە جیاكان پێشکەش بەکونسڵى کویت کرد و، ڕایگەیاند: زانكۆی جیهان یەكەمین زانكۆی تایبەتە لە هەرێمی كوردستان، پاشان باسى لە پڕۆگرامی خوێندن لەبەشی پەيوەندييه نێودەوڵەتی ودبلۆماسيەكان کرد.
لەبەرامبەردا، (عومەر ئەلكیندەری) دواى بەخێرهێنانى مامۆستا و فێرخوازانى بەشى پەيوەندييه نێودەوڵەتی ودبلۆماسيەكان، ئینجا تیشكی خستە سەر بزاوتە دیپلۆماتی و خێرخوازی و هاریكارییەكانیان لە هەرێمی كوردستان، جەختیشی لەسەر پێویستى پتەوتركردنی پەیوەندییە رۆشنبیری و زانستییەكانی نێوان هەردوول اكردەوە، وتیشى بوونی بەشى پەيوەندييه نێودەوڵەتی ودبلۆماسيەكان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە دەستكەوتێكی زانستی گرنگ هەژماركرد و، هانی فێرخوازانیدا سوود لە تەكنەلۆژیای سەردەم وەربگرن لەپێناو بەدەستخستنی زانیاری زیاتر و بەرەوپێشبردنی پسپۆڕیەتییەكەیان.
دواتر گفتۆگۆیەكی كراوە لەنێوان كونسڵی كوەیت و فێرخوازان بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە قۆناخی داگیركردنی كوەیت و، دواتر كرانەوەی كوەیت بەرامبەر عێراق و ئاسۆی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا.
لەكۆتاییدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار بەناوی بەشی پەيوەندييه نێودەوڵەتی ودبلۆماسيەكان بانگهێشتی كونسڵی کوەیتى كرد بۆ زانكۆی جیهان-هەولێر، بەمەبەستی پێشكەشكردنی بابەتێك بۆ فێرخوازان، ئەویش بەخۆشحاڵییەوە بانگهێشتەكەی پەسند كرد.