کونسڵی گشتی فەڵەستین لە زانکۆی جیهان – هەولێر باسى لە ئەزمونى پێکەوەژیانى کوردستان کرد
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى 30 / 11 / 2021 نەزمى حزوری کونسڵی فەڵەستین لە هەرێمى کوردستان سەردانی زانکۆی جیهان – هەولێری کرد و سمینارێکى پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
لە سمینارەکەدا، کە بەئامادەبوونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆی سەرۆکی زانکۆى جيهان-هەولێر و، دکتۆر میسون حەیدەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، مامۆستا ئامانج عەلی عوسمان سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان و ژمارەیەک لەمامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، نەزمى حزوری باسى “ڕۆڵی کونسڵگەرییەکان لە یەکخستنی پەیوەندییە زانستی و کولتوورییەکان لەگەڵ زانکۆکاندا” کرد.
هەر لە سیمینارەکەیدا، کە لە هۆڵی VIP پێشکەش کرد و، لەلایەن بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانەوە بۆى ڕێکخرابوو، کونسڵى فەڵەستین لە هەرێمى کوردستان جەختی لە گرنگیی کارلێککردنێکی کەلتووریی لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، جا چ بەشێوەیەکی ڕەسمی بێ، یان لەڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێ.
نەزمى حزوریی ئاشکراشیکرد، کە لە چەندین وتار و سيمیناری ڕێکخراودا بەگرنگییەوە باسی لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەمو پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، وتیشى کارم کردووە بۆ گەیاندنی ئەزموونى پراکتیکی هەرێمى کوردستان بەناوندە جیاکان.
لە کۆتایی سمینارەکەدا چەند پرسیارێک لەلایەن مامۆستایان و فێرخوازان لە بوارى کارى دبلۆماسى و پەرەپێدانى پەیوەندییەکان ئاراستەى کونسڵى فەڵەستین لە کوردستان کرا، ئەوەش وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە، باسى لە ئەزمونى کارى دبلۆماسى خۆى لە هەرێمى کوردستان کرد، کە وەک یەکەم نوێنەری فەڵەستین لە هەرێمى کوردستان لە ساڵی (٢٠١١)ەوە تا ئێستا کاریکردووە.