زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەکارییەکانى بۆ ڕەوانەکردنى گروپێکى دیکەى فێرخوازان بۆ خوێندن پۆڵندا دەستپێکرد
لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکانى و بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا، لەبەر ڕۆشنایی واژۆکردنى یاداشتنامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا، لە زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەکارییەکان بۆ ڕەوانەکردنى ڕاوندێکى دیکەى فێرخوازان بۆ خوێندن لە پۆڵندا دەستپێکرد.
ئەم ڕاوندەى فێرخوازان کە پێکدێ لە (١١) فێرخواز لەسەر بنەماى پێوەرە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەک و، زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان و، زانکۆى وۆچ دەستنیشان کراون و، لە بەر ڕۆشنایی سێ پرۆژەدا بەرەو پۆڵندا بەڕێ دەکەون، (٦) شەش فێرخوازیان لە بەشەکانى (نیوتریشن و دایەتێتیکس، مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى، کارگێڕى کار، شیکاریی کیمیایی پزیشکی، پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ و، بایۆمیدیکاڵ) لە چوارچێوەى بەردەوامى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences)، بەشێکى دیکەیان، کە لە (٣) سێ فێرخواز لە بەشەکانى (مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى، کارگێڕى کار) پێکهاتوون لە بەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وۆچ (University of Lodz)ى پۆڵندى سەردانى ئەو وڵاتە دەکەن، ئەوە جگە لەوەى (٢) فێرخوازی دیکە لە بەشەکانى (نیوتریشن و دایەتێتیکس و، بایۆمیدیکال) لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئیراسمۆس پڵس و پێوەرەکانى ئەو بەرنامەیە کاندید کراون بۆ درێژەدان بە کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە.
ئەم ڕاوندەى فێرخوازان لە مانگى شوبات بەرەو پۆڵندا بەڕێدەکەون بۆ تەواوکردنى کۆرسى بەهارەى خوێندن، کە ماوەى چوار مانگ دەخاێنێت، ئەو هەنگاوەش لە بەردەوامى هەوڵەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دێ بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى ناوازە بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاوازەکانى خوێندن بەئامانجى بەرزکردنەوەى ئاست و توانا و لێهاتویان بەپێى پسپۆڕییەکانیان.
ڕەوانەکردنى ئەم گروپەى فێرخوازان بۆ پۆڵندا کە ژمارەیان لە (١١) فێرخواز پێکهاتووە دەبێتە پێنجەمین گروپ، بەجۆرێک گروپى یەکەم لە لە ساڵى (٢٠١٩) بوو، کە ژمارەیان لە (١٠) فێرخواز پێکهاتبوو، هەروەک گروپى دووەم لە ساڵى (٢٠٢٢)، کە لە (٤) فێرخواز پێکهاتبوو، هەرچى گروپى سێیەم بوو، ئەوانیش بریتی بوون لە (١٧) فێرخواز لە ساڵى (٢٠٢٣)، هەر لە هەمان ساڵ گروپى چوارەمیش کە پێکهاتبوون لە (٥) فێرخواز بەرەو پۆڵندا بەڕێکران و، لە ئێستادا سەرقاڵى گەڕانەوەن، ئەوە جگە لە ڕەوانەکردنى (٤) مامۆستا.
واش بڕیارە بۆ ساڵى خوێندنى (2024- 2025) زانکۆى جیهان-هەولێر زیاتر لە (30) فێرخوازى دیکە لە گشت بەشەکانی زانکۆ بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەى زانکۆکانى پۆڵندا بکات، هاوکات لە ئێستا سەرۆکایەتى زانکۆ و بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە پەیوەندى بەردەوامدان لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتەکانى (چیک، ئیتاڵیا، چين، مالیزیا، ئیران، ئیمارات، ئوردن و چەند وڵاتێکی تر) بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکان و ئاڵوگۆڕکردنى فێرخوازان لە پسپۆڕییە جیاکان، هەموو ئەمانەش دەبنە دەسکەوتى گرنگى زانستى بۆ فێرخوازان، کە بەهۆیەوە ئەزمونێکى نوێ سەرخانى تواناکانیان دەکەن و، لە داهاتودا بەرهەمەکەى دەچننەوە.