زانکۆى جیهان-هەولێر بەردى بناغەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆى زانستە پزیشکییەکانى تاران دادەنێ
لە چوارچێوەى فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکانى لەگەڵ دامەزراوە زانستیە پێشکەوتوەکانى جیهان، زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارى پزیشکى هەنگاوەکانى بەئاراستەى دانانى بەردى بناغەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆى زانستە پزیشکیەکانى تاران (Tehran University of Medical Sciences) دەستپێکرد.
بۆ ئەو مەبەستە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، پێشوازى لە پڕۆفیسۆر دکتۆر کورۆش جەعفەریان پسپۆڕى بوارى نیوتریشن و، خۆراکی کلینیکی و، ڕاگری کۆلێژی نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران (Dean of International College)، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى گرنگى هەماهەنگى و هاوکارى زانستى نێوان دامەزراوە زانستیەکان و، سود وەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر کرا بۆ خزمەتکردن بە ڕەوتى زانست.
بۆ ئەو مەبەستە، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى، کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگشتى و، بەشە پزیشکى و تەندروستیەکانى بۆ ڕاگری کۆلێژی نێودەوڵەتی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران باسکرد، وتیشى هاوشانى بەشە زانستیەکان، ئێستا وەک تاکە زانکۆى تایبەت لە هەرێمى کوردستان سەرقاڵى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى فێرکارى تایبەتین، بۆ ئەوەش خواستى زانکۆى جیهان-هەولێرى دوپاتکردەوە بۆ واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش لە پێناو دانانى نەخشەڕێی پێکەوەکارکردن، لەهەمانکاتدا بانگهێشتى کرد بۆ بەشداریکردن و ئامادەبون لە کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارى بایۆمیدیکاڵ و زانستە تەندروستیەکان، کە بڕیار وایە لە مانگى شوباتى ساڵى داهاتوو بەڕێوەبچێت.
لە بەرانبەردا، پڕۆفیسۆر دکتۆر کورۆش جەعفەریان سوپاسى ئەو پێشوازیە و بانگھێشتەى کرد، لەهەمان کاتدا تەئکیدى لە پێویستى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش بۆ کارى پێکەوەیی کردەوە.