زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە دیدارى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان دەکات
بە نوێنەرایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر پرۆفیسۆرى یاریدەدەر عبدالستار عبدالکریم یاریدەدەرى سەرۆکى زاکۆى بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دكتۆر ( عومەر زوبێر شێخانى ) سەرۆکى بەشى ياسا بەشدارییان لە ديداري وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە تایبەت بوو بە نەخشەڕێی بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان.
لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و ئەندامانى لێژنەى باڵاى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و توێژەران و پارێزەران و کەسانى پسپۆڕ لە هۆڵى کۆبونەوەکانى هۆتێل شیراتۆن بەڕێوەچو، د.ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان وتى: ئەخوازین لەم دیدارەدا نەخشەرێگەیەک بۆ وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەکانى خوێندنی باڵا دابنیێن بۆ مەبەستی بەشداری کارای دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و کۆمەڵگەی ئەکادیمی لەبەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان، چونکە لە ناو زانکۆکان ژمارەیەک کەسی بەتوانامان هەیە لە بواری پسپۆڕی جیا، کە بە میتۆدی زانستی کار لەسەر پرسی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان دەکەن.
پاش پێشکەشکردنى وتارەکان، ئینجا بەرنامەى کارى دیدارەکە دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگەى دوو پانێڵ ، توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکە گفتوگۆیان لەبارەى لایەنە جیاکانى مادە هۆشبەرەکان کرد و کۆمەڵێک بیروبۆچونى جیاوازیان خستەڕو بۆ چۆنیەتى دانانى نەخشەڕێى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان.