زانکۆى جیهان-هەولێر بە فیستیڤاڵێک ساڵیادى ڕۆژنامەگەرى کوردى کردەوە
بەچاودێرى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە یادى ١٢٦ ساڵەى دەرچوونى ڕۆژنامەى کوردستان فیستیڤاڵێکى بەڕێوە برد.
لەو فیستیڤاڵەدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠٢٤) لە هۆڵى (VIP) بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و سەرۆک و ستافى زانستى و فێرخوازان ئامادەیبون، فیستیڤاڵەکە سەرەتا بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد.
لە بەشێکى دیکەى فیستیڤاڵەکەدا چەند کورتە فیلمێکى بەرهەمى فێرخوازان نمایش کرا، هەروەک کار و چالاکیە میدیایەکانى فێرخوازان لەسەرجەم قۆناغەکانى خوێندن لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنى جیهان نمایش کرا، دابەشکردنى سوپاس و پێزانینى فێرخوازان بەسەر سەرۆکایەتى بەش و ستافى مامۆستایان لایەنێکى دیکەى فیستیڤاڵەکە بوو. هەر لە چوارچێوەى فیستیڤاڵەکەدا، پیرۆزبایی یادى ١٢٦ ساڵەى ڕۆژنامەگەرى کوردى و سوپاس و پێزانینى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لەلایەن مامۆستایان بەسەر فێرخوازان لە هەر چوار قۆناغەکەدا دابەش کرا.
لە پەراوێزى فیستیڤاڵەکەدا پیشانگەیەکى بەرهەمى فێرخوازان تایبەت بە دیزاین و فۆتۆ و پۆستەرى ئەکادیمى نمایش کرا و، لەلایەن مامۆستایان و فێرخوازان و میوانان بەسەر کرانەوە.